سیاسیلێکۆڵینەوەمێژوویی

لەسەر نووسین و قسەکانی مەسعوود بارزانی

نەمدەویست لەوبارەوە بابەت یا نووسراوەیەکی تایبەت بنووسم و دەمویست تەنیا بە کامنت لەسەر نووسینی کەسانی دیکە قسەی خۆم بکەم.

بەڵام هەرچی بیرم کردەوە ، ئەو کارەی بارزانی خۆ تەنیا بێحورمەتی و هەڵبەستنی بوختان بۆ رێبەرانی کۆچکردوو و حیزبەکان و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد، بەتایبەت رۆژهەڵات نییە، بەڵکوو بێحورمەتی و تەوهینە بە تێکڕای گەلی کورد و بەتایبەت خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و گشت تاکێکی کوردە. بۆیە بە ئەرکم زانی هەڵوێست و هەستی خۆم بۆ رای گشتی دەربڕم.

مەسعوود بارزانی ، لە کات و هەلێکی تایبەت دا  و بە مەبەستی تایبەت ئەو  کتێب و قسانەی بڵاوکردەوەتە، کە لە لایەک رۆژهەڵات بۆ 40 ساڵ زیاترە لە لایەن دەسەڵاتی تۆتالیترـ مەزهەبیی ئیرانەوە بێڕەحمانەترین و جەنایەتکارانە ترین زەختی خراوەتە سەر و  کوشتنی گەورە و چکۆلەی حەڵاڵ کراوە. لە لایەکی دیکەوە ، بارزانی و حیزبەکانی باشوور پاش رووخانی سەدام لە لایەن ئامریکاوە ، موفت و مەرحەبا ، لە ئاوارەیی لە شارەکانی ئێران و ئورووپاوە، کەوتوون بەسەر دەسەڵات ( ئەڵبەت لە چەشنی گەندەڵ و تاڵانچیی) و سامان دا.

ئەمە بۆ بارزانی باشترین هەلە کە هەوڵبدات پێشینەی نەشیاوی خۆی و حیزب و بنەماڵەی، هەر لە ئاشبەتاڵی شۆڕشی ئەیلوول و خۆبەستنەوە بە شای ئێران و کوشتنی تێکۆشەرانی رۆژهەڵاتی و تەحویل دانەوەی زیندوو یا مردوویان بە  ئیران، تا بوون بە داردەستی حکوومەتی ئیسلامی بۆ سەرکوتی خەڵکی کورد لە رۆژهەلات و…پەردەپۆش بکات . بەو شێوە کە خەڵکی دیکە واتا تێکۆشەرانی رۆژهەڵات ئەوەندە رەش و خەیانەتکار نیشان بدات، کە کردەوەکانی ئەو و بنەماڵەی بە خزمەت لەقەڵەم بدرێ ( وەک بەداخەوە کەسانێک ئەو کارەیان کرد). تا کەس لەم کوردستانە لە «جەنابی خۆش ناو»تر نەبێ. بۆیە هەوڵیداوە بە تومەت  هەڵبەستن بۆ بزووتنەوەیی رۆژهەلات و کەسایەتیە خۆشناوەکانی، ناو و رابردوویان تێک بشکێنێ. ئەمکارەی بەو زانیارییەوە ئەنجام داوە کە دەزانێ ئیمڕۆ حیزبەکانی رۆژهەڵات چاولەدەستی ئەو و حیزبە هاوپەیمانەکەی (یەکێتی)ن و لە کونجێکی باشوور پەسێندراون و هیچ دەرەتانێکی سەربەستانەیان نییە، هاوکات هەولی داوە بیرو رای گشتی بەلاڕێدا بەرێ و خۆی بکاتە پاڵەوان و سیڤەتە نەشیاوەکانی خۆی بداتە پاڵ کەسایەتیەکانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد لە رۆژهەڵات و لەوانە نەمران مامۆستا شێخ عیزەدین و دوکتور قاسملوو و…

بێگومان ئەم هەوڵەی بارزانی هەلپەرستییە. چوونکە هەر ساڵی پار بوو کە حکوومەتی ئێران بە بڵاوکردنەوەی گرتە ویدیویەک هەوڵیدا بارزانی بە ترسنۆک و گوێ لەمستی قاسم سلێمانی لە عالەمدا جاڕ بدا، بەڵام نە بارزانی و نە حیزبە عەشیرەییەکەی نەیان وێرا لام تا کام  دژی ئەو ئیدیعایانەی ئێران بدوێن. لەوەش خراپتر ، ئەمساڵ و لە ساڵرۆژی ئەو کەتنەدا، مەسعوود بارزانی پێشوازیی گەرم لە فەرماندەی سپای قودسی ئیران دەکات و بۆ سەلماندی ئەوەی کە گەر هاوپەیمان و لە خزمەتی ئەردۆغان و تورکیە دایە، ئەوە هیچ لە خزمەت  و حورمەتی ئێران کەمناکاتەوە. گەرچی تێکڕای سەرکردەکانی پارتی قەت لە مەدح کردنی ئێران و قاسم سلێمانی ، وەک باقی رێبەرانی حیزبەکانی باشوور کورتیان نەهێناوە.

بۆیە هەقمە بڵێم بارزانی بەو رابردوەوە ناتوانێ بە رەش کردنی خەڵک رووی خۆی سپی بکاتەوە. ئەگەر لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بزووتنەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان ، سەرەڕای ئەوەی هێشتا برینەکانی دەستی قیادە موەقت ئازاری دەدات، باسی کردەوەکانی پارتی و بارزانی یان نەکردوە، نە ئەوەی کە ئەو خەیانەتەیان لەبیر چوو بێ، بەڵکوو تەنیا لە نەجابەت و سەخاوەتی خۆیانەوە بوە. تا تاوانی لەبار چوونی «ئەزموونی شکست خواردووی باشوور» نەخرێتە ئەستۆی.

لێرەدا دەبێ ئەو تەوهین و بوختان و بێ ئێحترامییەی بارزانی ئەو رۆژهەڵاتیانەی وەخەبەر هێنابێ کە پێیان وابوو ئەو بنەماڵە دەستیان لە ئاکاری تێکدەرانە و نابەرپرسانەی خۆیان هەڵگرتوە و بێ سنوور لایەنگریان دەکرد. چوونکە مێژوو لەسەر هەڵوێستی دانە دانەمان قەزاوت دەکات.

دیارە لەم نێوانەدا حیزبەکانی رۆژهەڵات کە بارزانی زۆرترین تەوهینی پێ کردوون و بوختانی جاسووسی و نۆکەریی دەسەڵاتی داگیرکەرانی وەپاڵ داون، نابێ بەهۆی ئەوەی کە ئیمڕۆ چاو لەدەستی پارتی یا یەکێتین، ئەرک و بەرپرسایەتی خۆیان لەوبارەوە پشت گوێ بخەن و دەبێ لانیکەم بۆ ناڕاست بوونی ئەو بوختان و بێحورمەتیانە  هەڵوێسیان هەبێ، یا گەر «هەلومەرج» بواری هەڵوێست گرتنی  لێگرتوون، لانیکەم پاساوکەری کردەوەکانی بارزانی نەبن.

قسەی کۆتایی، دیکتاتۆر و سەرۆک عەشیرە هەمیشە خۆیان پێ لە هەموان زلترە و نابێ کەس لەو زیاتر ناوبەدەر و  رێزی بگیرێت.بۆیە گەر ببیسێ ناوی کەسێک باشتر لەو دەبرێ بۆی هەزم ناکرێ و لێی دەکەوێتە قینەوە و هەوڵدەدات بیشکێنێ ، وەک بارزانی نەیتوانی رێز و حورمەتی لە رادەبەدەری بزووتنەوەی رۆژهەڵات و رێبەرانی (زیندوو یا گیانبەختکردووی) قەبووڵ بکات و بە شێوەیەکی ناشیانە و دوور لە پرەنسیپ هەوڵی شکاندن و بێ رێز کردنیانی دا.

بەڵام وەک دیتمان تا ئیستە دووکەڵی ئەو ئاگرەی  هەڵیکرد، بۆ خۆی گەڕاوەتەوە و جیا لە رۆژهەڵاتیەکان، تەنانەت خەڵکێکی زۆر لە باشووریش هەڵوێستیان نواند و مەحکومیان کرد.

خەلیل غەزەڵی

Related Articles

وەڵامێک بنووسە

Back to top button