وتووێژی بەڕێز مەعرووفی کەعبی لە گەڵ بەڕێز شوعەیب زەکەریایی بۆ ناسینی ریشەی ئیدیۆلۆژیک و فیکریی کۆمەڵە
بەشی یەکەم
بۆ تێگەیشتن لە ڕێشە فیکرییەکانی کۆمەڵە، پرسیارەکان لەم بەشەدا پەیوەندییان هەیە بە بەستێنی دەیەکانی ١٣٤٠ و ١٣٥٠.
§ بەستێنی کۆمەڵایەتی و مێژوویی پێکهاتنی کۆمەڵە لە ئێران و کوردستان لە ساڵەکانی دەیەی ١٣٤٠ و دەیەی ١٣٥٠ چی بوو؟
یەکەم ـ دیاره بەردەوامبوونی زوڵم و ناعەداڵەتی بۆ زۆرینەی خەڵک(چەوساندنەوەی کرێکار و زەحمەتکێش، هەژاری و برسیەتی، کاری زۆر و داهاتی کەم، بێکاری و نائەمنی ئابووری، بێدەوا و دەرمانی، ناعادڵانەبوونی مالکیەت به سەر زەوی و زار له دێهاتەکانا، ژێردەستەیی و ستەمکێشی ژنان، هەڵاواردن و ستەم و سەرکوتی نەتەوایەتی دژ به گەلی کورد و بوونی رژیمی سەرکوتگەر و دیکتاتۆری پاشایەتی)خەبات دژ بەو ناعەداڵەتیانەش هەڵئەخرێنێ. لەو کاتەدا گوتاری سێکوولار و چەپ و سوسیالیستی(به رەگەگەل و بۆچوونگەل جۆراوجۆرەوه، چ له ئاستی جیهانی و چ له ئاستی ئێرانی و کوردستانیا)بەسەر بزووتنەوە ئازادیخواز و عەداڵەتخوازەکانا زاڵ بوو. بیر و بۆچوونی کۆمەڵەش له ژێر کاریگەری ئەو جەرەیانه چەپا شکڵ ئەگرێ(به تایبەتمەندیەکانی خۆیەوە).
دەزانین له هەموو وڵاتەکانا زانکۆەکان کانگای رۆشنبیری و خەباتی سیاسین. به سەرنجدان بەوە که له کوردستانا هیچ زانکۆیەک دانەمەزرابوو، یەکەمین رێبوارانی رێبازی کۆمەڵەش(“تەشکیلات”)که هەموویان کورد بوون، له زانکۆەکانی تاران و تەبرێزا یەکتر پەیدا ئەکەن. ئەم کەسانه له نەسڵێکی تازەن که ـ له هەل و مەرجێکا وا دەسکەوتەکانی “انقلاب مشروطیت” و گشت بزووتنەوەکانی دوایی و هەر وەها حکومەتی “مصدق” و هەموو حێزب و رێکخراوەیەکی سیاسی به دەستی حکوومەتی سەڵتەنەتی پەهلەوی به بێبەزییانەترین شێوەگەل سەرکوت کراون ـ هێچ رێکخراوەیەک که جێگەی متمانەیان بێ و بیانەوێ و بتوانن پشتی پێ ببەستن نابیننەوە. ئەم تەشکیلاته وەکوو چەپێکی “رادیکاڵ” که دەیەوێ بۆ ئاڵ و گۆڕی بنەڕەتی له کۆمەڵگای ئێرانا تێ بکۆشێ و شەڕی چەکداری بۆ رووخاندنی رژیمی دیکتاتۆری پەهلەویش به پێویست ئەزانێ، تەنانەت لەگەڵ چریکی فیداییش(که ئەو کاته به چەپێکی رادیکال پێناسه ئەکرا)یەک ناگرێتەوە و ریگەی تایبەتی خۆی هەڵئەبژێرێ.
[بۆ ئەمە لێرەدا قسەوباسەکه درێژ نەبێتەوە، سەرنجتان بۆ وتووێژ و قسەوباسەکانی هاوڕێیان کاک “ساعێد وەتەندووست” و کاک “یەدێ بیگلەری” لەسەر مێژووی کۆمەڵه و هەروەها بەشی سێهەمی نووسراوەکەی خۆم ـ “تاریخ بازنده” ـ رائەکێشم. له وەڵامی پرسیارەکانی دواتریشا بەعزێک لەم تایبەتمەنیگەله هاتوونەتە بەر باس و لێکدانەوە]
دووهەم ـ ئەگەرچی ئەوەڵین ئەندامانی کۆمەڵه(“تەشکیلات”)، خەبات دژ بە هەرچەشنه ستەمگەریەک له ئاستی سەرانسەری ئێرانیان به ئەرکی خۆ دەزانی و کاریشیان بۆ دەکرد بەڵام تەنها له کوردستانا بوو که ئاکامی ئەو خەباته جوابی کۆمەڵایەتی وەرگرتەوە و کۆمەڵه بوو بە هێز و جووڵانەوەیەکی گەورەی جەماوەری و کاریگەریەکی مێژوویی له کوردستانا دەستەبەر کرد. جا سەرنجدان بەم خاله و به کارگەلێ وا کۆمەڵه کردی، ئەو راستیەمان بۆ دەر ئەخات که کۆمەڵه له لایەکەوە ریشەی له کۆمەڵگای کوردستان و مێژووی ئەو خەڵکەوەیه و له لایەکی تریشەوە ـ بە پێی ئاڵوگۆڕەکانی کۆمەڵگای کوردەواری ـ درێژەدەرێکی ساکاری ئەو مێژوە نەبووه بەڵکوو به رەخنەیەکی قووڵ، بەرپرسانه، راستبینانه و مودێرن و چەپ لەو رابردووە دێته مەیدان و گەشە ئەکا.
§ بەستێنی ئیدیۆلۆژیک و فیکریی پێکهاتنی کۆمەڵە کامەیە؟ واتە چ بیرۆکە و ئیدیۆلۆژییەک بێروباوەڕی ئەو نەسڵەی شکڵ پێدا وا کۆمەڵە لە ناخیدا پێک هات ؟
بەستێنێکی چەپ و سوسیالیستی بوو و له بۆچوونەکان و تێئۆری و لێکدانەوەکانی مارکس و ئێنگلس و لێنین و مائۆ و … ئیلهامی وەرئەگرت. واته، لابردنی سیستەمی چەوسێنەرانەی چینایەتی و سەرمایەداری و پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی سوسیالیستی و له نێهایەتدا کۆمۆنیستی، ئامانجی بنەڕەتی و سەرەکی کۆمەڵه بوو. رەنگه پێویستی به وتن نەبێ که به پێی هەر ئەو بەستێنه چەپ و سووسیالیستیه، هەموو داخوازیە دێمۆکراتیکەکان و هەر هەنگاوێک بۆ باشتر بوونی ژیانی خەڵک بە لامانەو بایەخێکی تەواویان بوو.
§ چ هۆکارگەلێک ئەندامانی یەکەم یا ئەو نەسڵەی خستە ژێر کاریگەریی ئەو بیروباوەڕانەوە؟
له لایەکەوە بە گشتی، ستەم و سەرکوت و دیکتاتوری و بێمافی زۆرینەی خەڵک و به تایبەتی گەشەی سەرمایەداری و دیتنی وەزعی کرێکاران(که به ژمارەیش روو له زیادبوون بوون)، له لایەکی دیکەوە مێژووی بزووتنەوەی سوسیالیستی له ئاستی جیهان و ئێراندا. لەو کاتا بیرۆکەی زاڵ بەسەر هەر بزووتنەوەیەکا که مەبەستی ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی له کۆمەڵگای گیرۆدەی ستەم و چەوسانەوەدا ببوای، بیرۆکەی چەپ و سووسیالیستی بوو(جا به رەنگاوڕەنگی و نێو و گرایشگەلی جۆراوجۆر رووسی ، چینی، کووبایی و هتد؛ که ئەڵبەت کۆمەڵه بایەخی بە هەموویان دەدا بەڵام نەتەنها سەرسپۆردەی هیچکام لەوانه نەبوو بەڵکوو به روانگەیەکی رەخنەگرانەوە لەگەڵ هەموویان رووبەڕوو دەبوو).
§ بیرۆکەی گەڕانەوە بۆ فرهنگ اصیل یا بومیگرایی، ئەندێشەی سیاسی لە ئێرانیان بەدوای جەنگی جیهانی دووهەم شکڵ پێ دا. ئایا ئەمانە بۆ کۆمەڵە یا لە کوردستان موضوعیەتیان هەبوو؟
نەخەیر؛ ئەگەر تەکیه لەسەر چەمکی “فرهنگ اصیل یا بومیگرایی” بکەین، بیرۆکەیەکی وەها نه له ناو کۆمەڵه به تایبەتی و نه لە ناو چەپی ئێران به گشتی مەوزۆعیەتی نەبووه(رەنگه کەسانێک بۆچوونی وەهایان بووبێ بەڵام به گشتی وانەبووە). بەڵام ئەگەر مەبەست سەربەخۆییخوازی و هاتنەدەر له ژێر دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری دەوڵەته ئەمپریالیستیەکان بێ، بەڵێ هەڵوێستی دژ به دەسەڵاتداریەتی(سلطه)ئەمپێریالیستی له ناو گشت چەپەکانا مەوزۆعیەتیان هەبووە و زۆریش گرنگ بوو.
§ پێگەی کۆمۆنیسمی شورەوی و ئەزموونی چین لە تێگەیشتنەکانی ئەندامانی کۆمەڵەدا چۆن دەبێ ببینین؟
لەبەر ئەوە که ئێمە گرفتەکانی کۆمەڵگای چینی پێش شۆڕش(نیمه مستعمره ـ نیمەفئودال)و ئێرانی ئەوکاتەمان نێسبەتەن هاووێنه ئەزانی، وە هەروەها لایەنگریی چین له خەڵکان و گەلانی ژێردەسته ئاشکراتر و رادیکاڵتر بوو(دروشمی “خلقهای سراسر جهان متحد شوید و امپریالیسم آمریکا و سگهای زنجیریش را در هم بشکنید” و …)، سەمپاتییەکی زۆرمان به مائۆ و حێزبی کۆمۆنیستی ئەو سەردەمەی چین بوو. کاتێک که دوای هاتنه سەرکاری خڕۆشچۆف ناکۆکی بەینی چین و شوورەوی تەقیەوە و چینیەکان حێزبی کۆمۆنیستی شوورەویان به “رێویزیۆنیست” و حکوومەتەکەیان به “سوسیال ئەمپڕیالیزم” پێناسە کرد، ئێمەیش خۆمان لە بەرەی دژ بەو “ئوردووگای سووسیالیسم”ه بە سەرکردایەتی رووسیه دیتەوه.
له راستیا بە بۆنەی داخراوبوونی ئەو وڵاتانه له لایەکەوە و سەرکوتی سیاسی و فێکری رژیمی دیکتاتۆری شا لە لایێکیترەوە، بۆ ئێمه ئیمکانی نەبوو بە وردی و به خێرایی له باروودۆخی واقێعی رووسیه و چین ئاگادار بین(له راگەیاندنەکانی وڵاتانی رۆژاوایشا جگه له پڕۆپاگاندی دژ به کۆمۆنیزم و سووسیالیزم شتێکمان دەس نەئەکەوت). بەڵام سەرەڕای هەر کەم و کەسریەک، کۆمەڵه سەرسپۆردەی هیچکام له “ئیسم”ەکان و رێباز و هەڵوێستە سیاسیەکانی چین و رووس و … نەبوو؛ هەر بۆیە توانی له هەڵوێستگرتن و هەڵسەنگاندنی خۆی سەبارەت بەواندا تووشی هیچ دەمارگرژی و ئیمانی کوێرکوێرانه نەبێ و له درێژایی تەمەنیا به پێی ئاگادار بوون له ئەوزاعی ئەو وڵاتانه، فاسڵەیان لێ بگرێ.
§ ئەو بیروباوەڕانەی وا پێش شەڕی دووهەم و دوای ئەوە ڕوویان دا، کە لە کەسانی وەک ئەرانی و پێکهێنەرانی دواتری حیزبی تودە دەتوانین بیبینین، کاریگەریان لە سەر نەسڵی ئێوە بەجێهێشت؟
له دوو بوارا کاریگەری ئەرێنیان لەسەرمان بوو. یەکەم له خۆڕاگریان وەکوو تاکەکەس له بەرانبەر سەرکوت و بکوژ و ببڕی رژیمی پاشایەتیدا(ئەرانی، رووزبێه، وارتان، ئەفسەران و دەرەجەدارگەل و کەسانێکیتر وا ئێعدام کران و….). دووهەم وەرگێڕان و بڵاوکردنەوەی نووسراوەکانی مارکس و ئێنگێلس و لێنین و ستالین و رۆمان و ئەدەبیاتی چەپ و… بەڵام لەوانه بەدەر ئێمه حێزبی توودەمان به گشتی لە لایەکەوە وەکوو حێزبێکی سازشکار له بەرانبەر رژیمی پەهلەوی و له لایەکیترەوە سەرسپۆردەی شوورەوی ئەزانی و لەم روانگەوە هیچ سەمپاتیەکمان پێیان نەبوو.
§ کام جۆر لە ئەدەبیات لە سەر ئەو نەسڵەی ئێوە کاریگەری هەبوو؟
بەگشتی ئەدەبیاتێک که له لایەکەوە ریشەی ناعەداڵەتیگەل کۆمەڵگا و چەوساندنەوەی کرێکاران و زەحمەتکێشانی روون بکردایتەوە و لەقاوی بدای، له لایەکی تریشەوە روونکەرەوەی رێگەی خەلاسی لەو چەوسانەوە و ستەمکاریگەله و هاندەری بزووتنەوەی خەڵک بەرەو ئازادی و پێکهێنانی ژیانێکی پڕ لە شادی و خۆشی بۆ هەمووان ببوای. ئەگەر تایبەتیتریش بۆی بچین ـ هەروا که پێشتریش ئاماژەم پێ کرد ـ نووسراوەکانی تەواو ئەو کەسانه وا هەرلە سەرەتاوه تا ئەو سەردەمه لە ناو بزووتنەوەی چەپ و سووسیالیستی و کۆمۆنیستیا ناو و نیشانێکیان بوو و بیر و بۆچوونیان لە بوارەکانی تێئۆریک و سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیا جێگەی باوەری گشت چەپەکانی دنیا بوون، وەکوو گرنگترین سەرچاوەی فێربوون چاومان ڵێیان ئەکرد. هەروەها هەرجۆره نووسراوەیەک وا دەنگ و باس و زانیاریەکی له بارەی بزووتنەوە ئازادیبەخشەکانی دنیای تێدا ببوای(ویێتنام، فلستین،…). بێجگه لەوانه، رەخنه و پۆلێمیکه تێئۆریک و سیاسیەکانی ئۆپۆزیسیۆنی رژیمی شایش جێگەی خۆیان بوو…
دیارە گشت ئەو ئەدەبیات و نووسراوانه به نهێنی و “ژێرزەوینی” و بە زەحمەت و دانەدانه پەیدا ئەبوون و زۆربەیان به دەس ئەنووسرانەوە و شکەنجه و ئازار و زیندانی بۆ هەرکەسێ خوەی لەم گۆرەپانه بدای بە شوێنەوە بوو.
جگه لەوانه بە پێی ئیمکان و کات بەرهەمەکانی نووسەرانی وڵاتانی رۆژاوا و رووسیەمان ئەخوێندەوە(که هەموویان تەرجەمەی فارسی بوون؛ وەکوو: شێکسپیر، بالزاک، ئێمیل زولا، داستایوفسکی، چخۆف، گورکی، فادایف، شۆلۆخۆف، فانون، سارتر،..). هەروەها نووسەرە ئێرانیەکانیش: صادق هدایت، آریانپور، صمد بهرنگی، علیاشرف درویشیان، یاقوتی، کسروی، فەریدون شایان، عبدالحسین نوشین… و …
له دنیای شێعریش غافڵ نەبووین(ئەوانه وا هاندەری خەبات بۆ ئازادی و عەداڵەت بوون). تەنها لەم بەشەدا بوو که بۆ ئێمەی چەپی کورد، زوانی کوردی هاوسەنگی لەگەڵ زوانی فارسیا ئەکرد و زۆرێک له شێعرەکانیشمان لەبەر بوو؛ وەکوو گۆران، سواره، چاوە، موسلێح(رێبوار)، مەلا ئاواره، قانێع، پیرەمێرد…و …
بەشی دووهەم
ئەزموونی کۆماری مەهاباد و بزووتنەوەی ساڵەکانی ١٣٤٠، حیزبی دیمۆکرات- کۆمیتەی شۆڕشگێڕ
§ ئایا ئەزموونی کۆمار لە پێکهێنانی کۆمەڵەدا دەوری گێڕا؟
وەکوو بەشێک له مێژووی کوردستان و ئەوە که پرسی نەتەوەیی کورد و خەبات بۆ چارەسەری ئەو پرسه وجوودی بووە و درێژەیشی هەیه، لەسەر کۆمەڵەش کاریگەری بووه بەڵام له پێکهاتنی کۆمەڵەدا هیچ دەورێکی نەگێڕاوە(واته کۆمەڵه خۆی وەکوو رێکخراوەیەکی نەتەوەیی پێناسه نەدەکرد). تەنانەت جووڵانەوەی کوردستانی باشووریش که له سەرەتاکانی جەوانی ئێمەدا دەستی پێ کرد و تا رادەیەک هەستێکی کوردایەتی ئێمەمانانی دەبزواند، دەورێکی له پێکهاتنی کۆمەڵەدا نەبوو. هۆوەکەیشی ئەوە بوو که هەر له ئەوەڵەوە، لە ژێر کاریگەری بزووتنەوی چەپی جیهانی و دیتنی کۆمەڵگای ناعادڵانەی چینایەتیدا، کۆمەڵه خوەی و پێناسەکەی له رێبازێکی چەپ و سووسیالیستیا ـ که خەباتی چینایەتی به ئەسڵ دادەنا ـ دیتەوە و ئامانجی سەرەکی خوەی لابردنی سیستمی چەوسێنەری سەرمایەداری و ئازادی چینی کرێکار و گشت خەڵکی ستەملێکراو له هەرجۆره زوڵم و هەڵاواردنێک دەزانی. ئەوە بوو که سەرەرای ئەوە که کۆمەڵه باوەڕی تەواوی به مافی نەتەوەیی کورد و گشت نەتەوەکانی ئێران له دیاریکردنی چارەنووسی خۆیاندا بوو و له کردەوەدا پەیگیرترین و به ئەمەگترین خەباتکاری دژ به ستەمکاری نەتەوەیی بوو، بەڵام له باری بیرۆکەییەوە تێکۆشان بۆ بەدەسهێنانی ئەو مافەی له پەراوێزی خەباتی چینایەتیا دا ئەنا(ئەگەر عومر باقی بێ لەداهاتووا لەم بارەوە ـ که یەکێک له گرفته هەمیشەییەکانی بزووتنەوەی چەپ بووگه ـ فرەتر قسە ئەکەم).
§ ئایا بزووتنەوەی شەریفزادە-موعینی دەکرێ وەک ئەزموونێک کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لە سەر پێکهێنانی کۆمەڵە بوە، چاو لێ بکەین؟
له سەر پێکهێنانی کۆمەڵه کاریگەری نەبووە، بەڵام بۆ دەرس وەرگرتن و هەڵبژاردنی تاکتیک و شێوەکاری سیاسی گۆنجاو تەئسیری بووە؛ واته ئەوەی که پێش له دەسبردن بۆ چەک، ئەبێ کاری تەبلێغی و سیاسی ـ رێکخراوەیی له ناو جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشا بکرێ.
دێتەوە بیرم که ماوەیەک دوای سەرکوتی ئەو حەرەکەته بەدەستی رژیمی شا، دۆستێکمان کورتە رۆمانێکی به نێوی “باوەلێ” (له بارەی زیندوویاد “سەی فەتاح” یەکێک له پێشمەرگە گیانبەختکردوەکانی ئەو بزووتنەوە) نووسیبوو و تێیدا “باوەلێ”ی گەیاندبووە ئاستێک له قارەمانی فەوق ئینسانی. هاوڕێمان زیندوویاد کاک حەمه حسەین کەریمی نووسراوەیەکی رەخنەگرانەی لەبارەی ئەو چیرۆکەوە نووسیبوو و له راستیدا رەخنەیەکیش بوو له “مشی چریکی”.
§ ئایا ئەگەر ئەو ئەزموونە دەمایەوە، پێویست دەکرا کۆمەڵە پێک بێت؟
له وەها ئەگەرێکا من گومانم لەوا نیه که بەرەو هاوکاری و تێکەڵبوون لەگەڵیان هەنگاومان هەڵ ئەگرت. جا ئەگەر ئاکامی ئەم پشتیوانی و نزیکبوونەوە و تێکەڵبوونه، دورسبوون و گەشەکردنی جەرەیانێکی چەپ و سووسیالیستی(به پێوەرەکانی ئەو کاته)ببوای، دیارە ئیتر پێویستیەکی کۆمەڵایەتی بۆ دورسکردنی رێکخراوەیەکیتر لەو چەشنه نەدەمایەوە. بەڵام لەم ئەگەریشا من ناتوانم وەڵامێکی رۆشن بدەمەوە؛ چوونکوو نازانم له بیر و بۆچوونیانا ئایا هەر کوردایەتی تەنها زاڵ بوو یان راوەستان له بەرانبەر هەرچەشنه ستەمکاریەکدا(که کۆمەڵه دووهەمیەکەی بوو).
§ کاریگەریی بزووتنەوەکانی دیکە لە کوردستانی گەورە لە سەر تێگەیشتنەکانی کۆمەڵە چی بوون؟
من خۆم لە سەرەتاکانی خەباتمانا ئاگاداریەکم له بزووتنەوەکانی دیکه له کوردستانی باکوور و رۆژاوا(پێشتر ئەمانوت کوردستانی تورکیه و سووریه)نەبوو. لەبیرم نایێ لەو کاتا لەم بارەوە باسێکی چڕوپڕ له هاوڕێیانی دیکەشم بیستبێ. بەڵام دەنگ و باسی بزووتنەوەی کوردایەتی له کوردستانی باشوور(کوردستانی عێراق)ـ چ به بۆنەی پەیوەندی له مێژینەی لەگەڵ کوردستانی رۆژهەڵات(کوردستانی ئێران)دا و چ به بۆنەی دەستێوەردانی حکوومەتی پەهلەوی لەو بزووتنەوەدا ـ کەم یان زۆر پێمان ئەگەیشت. ئێمەمانانیش لە سەرەتاوە و دووراودور سەمپاتیمان پێ بوو و پێمان خۆش بوو بە سەر دوژمنا زاڵ بێ؛ بەڵام که وردەوردە زانیمان گیرۆدەی رێبەریەکی خێڵەکی و ئەهلی زەدوبەند و دیکتاتۆرمەسلەکه، نەتەنها هیچ کۆششێکمان بۆ پەیوەندی لەگەڵیانا نەکرد بەڵکوو هەڵوێستی رەخنەگرانەی توندیشمان بەرانبەریان پەیدا کرد. دیتنی ئەم وەزعیەتە و بیستنی هەبوونی رێبەرایەتی لەم چەشنه له رابردووی فرەیەک له بزووتنەوەکانی کوردا ـ سەرەڕای ئەوە که به پێی بۆچوونی لێنین باوەڕی تەواومان به مافی نەتەوەکان بۆ چارەنووسی خۆیان بووـ وای لێمان کرد که خەبات دژ به ستەمگەری نەتەوایەتی تا حدوودێک بچێته پەراوێزی بیر و بۆچوونەکانمانەوە و له ئاست “خەباتی چینایەتی”دا وەکوو پاشکۆیەک چاوی لێ بکەین. له هەمان کاتا ئەو باوەڕەیشی ناومانا بەهێزتر کرد که مافی نەتەوەی کورد تەنها له پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندا نەبینین بەڵکوو چۆنیەتی و ناوەرۆکی رابەری بزووتنەوەکه و حکوومەتی داهاتووی کوردی بە هەمان ئەندازەی خەلاسبوون له دیکتاتۆری مەرکەزی بۆمان گرنگ بێت(کە ساڵها دوواتر له “بەرنامەی کۆمەڵه بۆ خودمۆختاری کوردستان”دا خۆی نواند).
بەشی سێهەم
ساڵەکانی دەیەی ١٣٥٠
§ چ هۆکارگەلێک وای کرد ئەندامانی کۆمەڵە ڕێبازی چریکی هەڵنەبژێرن؟ ئەو تێگەیشتنە لە کوێوە سەرچاوەی دەگرت؟
به بۆچوونی من تێکئاڵیان(آلیاژ)ێک له چەنشت بوو که بنەڕەتەکەیان له تایبەتمەندیگەل کۆمەڵایەتی و مێژوویی و سیاسی کوردستانەوە ـ واته تێک هەڵپێچرانی پرس و خەباتی چین و توێژه بندەستەکان لەگەل ژێردەستەیی نەتەوەیی و خەبات دژ بەو ژێردەستەییە ـ سەرچاوەی ئەگرت(پێم وانیه هیچکاممان ئەوکاته ئەم تایبەتمەندیگەلمانه به روونی لەبەر چاو بووبێ). ئەم نەتەوە مێژوویەک روو له گەشەی دژ به هەڵاواردن و سەرکوت و بێمافی تۆمار کردبوو و هێزه سەرەکیەکەی چین و توێژه زەحمەتکێش و نەدارەکان بوون. وەها نەتەوەیەک که نه خوازیاری ژێردەستەکردنی نەتەوەیەکیتر بوو، نه به شۆڤێنیسم و فاشیزمی “تمامیت ارضی” و ئێرانچیەتی و نە به بیرۆکەی ئیسلامی سیاسی و فاشیستی تووشیار(ئالووده)بوو، زەمینەی ئەوەی هەبوو که رێبازێکی تێدا له دایک بێ که دژ به هەرجۆره دیکتاتۆریەت و کۆنەپەرەستیەک بێ و قووڵترین باوەری به دێمۆکراسی له “خوارەوە” و “ئەوە خودی خەڵکه نەجاتبەخشی خۆیه”، ببێ. جا ئەم زەمینه کاتێک لەگەڵ بیرۆکەی ئامانجی رزگاری نیهایی گشت چەوساوەکان(که هێشتا له جیهاندا جێی هیوا بوو)پێکەوە لکان، “کۆمەڵە”یەکی لێ بەدی هات که ئەیتوانی خوەی له قازانج و بەرژەوەندی فێرقەیی ئازاد بکات و نە تەنها خۆی به پێغەمبەر و باڵادەستی خەڵک دانەنێ بەڵکوو بەوپەڕی بەرپرسیاریەتیەوە بەدوور له ماجەراجوویی و بیر و کردەوەی کورتبینانه، رێگایەک هەڵبژێرێ که بۆ خەڵک و لەناو خەڵکا و له خزمەت گەشە پێدانی خەباتی یەکگرتووانەی خەڵکا بێ. دیاره ئەم تایبەتمەندیه و ئەم بۆچوونه بنەڕەتیه لەگەڵ “مشی چریکی”دا ـ واتە خەباتی چەکداری گرووپێکی چکۆله بۆ “هەڵخڕاندن” یان “ئاگاەکردنەوە”ی جەماوەری خەڵک ـ یەک ناگرێتەوە. ئێمه لێمان روون بوو که رێبازی چریکی نەتەنها زەربەیەک له رژیم و له سیاسەتەکانی نادات بەڵکوو زەبر و زەنگ و فشاری رژیم دژ به خەباتگێڕان فرەتر ئەکاتەوە؛ نە تەنها ئاگاهییەک له ناو خەڵکا گەشه پێ نادا و یەکگرتووییەکی جەماوەری پێک ناهێنێ بەڵکوو یان خەڵک ئەترسێنێ یان چاوەڕوانی “قارەمانەکان”یان ئەکا.
بێجگه لەو خاڵانەی سەرەوە، ئێمه ئەزموونێکی تازەشمان(بزووتنەوەی پارتیزانی ساڵەکانی ٤٦ـ٤٧ ی هەتاوی)لە بەر دەستا بوو که به هی “خۆمان”مان ئەزانی و بەم بۆنەوە دەرسیشمان لێ وەرگرت؛ له حاڵێکا چریکه فیداییەکان هیچکات به هی خۆیانیان نەزانی و هیچ بایەخێکیشیان پێ نەدا. جێگای سەرنجه که تا ئێستاش دەسپێکی شەڕی چەکداری له ئێران دژ به رژیمی پەهلەوی، به مانگی بەهمەنی ساڵی ٤٩ی هەتاوی( شەڕی “سیاهکل”)ئەزانن! دیارە چ ئاگایان لێ بێ و چ ئاگایان لێ نەبێ، کورد نە تەنها به شارۆمەندی دەرەجە دوو بەڵکوو تەنانەت به ئێرانیشی نازانن!
هەروەها بەبۆنەی دڕندەیی و خوێنخۆری دوژمنانی کوردەوە، دەسبردن بۆ چەک بۆ دێفاع لەخۆ لە کوردەواریا له رووی ناچاریەوە یان به پێی هەل و مەرج، وەکوو شتێکی “ئاسایی” لێ هاتووه. له حاڵێکا نەفسی شەڕی چەکداری بۆ چریکی فەدایی وەکوو شتێکی پیرۆز(موقەدەس) به حێساب دەهات. واته خارج له هەل و مەرجی کۆمەڵایەتی ـ سیاسی و پێویستی و گونجاو بوونی له کاتی خۆیدا، به بۆچوونی چریکەکان شەڕی چەکداری له بەرانبەر زاڵما و قوربانیبوون، خۆی له خۆیدا کارێکی پیرۆز بوو(ئەم بۆچوونه ئەتوانێ له ژێر کاریگەری فەرهەنگی “عاشوورای حسینی” له مەزهەبی شێعەشدا بووبێ).
با کۆرتەیەکیتریش له قسەکانی سەرەوە زیاد بکەین: لێنین له کتێبی “چە باید کرد”ا رەخنەیەکی زۆر باش و پڕناوەرۆکی له بەرانبەر “مشی چریکی”دا هەیه؛ هەروەها هەر له زەمانی هاتنی “مانیفست کمونیست”ەوە بگره تا بیرۆکەکانی مائۆ و… بەگشتی پێمانیان ئەوت شۆڕش کاری جەماوەری خەڵکه؛ و….؛ بەڵام کاریگەری ئەم رەخنه و بۆچوونانه له ناو چەپی ئێرانا یەکجۆر نەبوو: له کوردستانا ئەبێ به جەرەیانی چەپی ئەسڵی و له زۆربەی ئێرانا ئەبێ به فەرع. “مشی تودەیی” له ناو چەپی کوردستانا ئەبێ به گوتاری زاڵ بەڵام له دەرەوەی کوردستانا، له بەرانبەر “مشی چریکی”دا ئەکەوێته پەراوێزەوە. تەنانەت جەرەیانێکی دینی(مجاهدین خلق) که شەڕی چریکی شاریی هەڵئەبژێرێ و خوەی بە چەپی فیدایی به نزیک ئەزانێ له دەرەوەی کوردستانا پێک دێ، لەحاڵێکدا له کوردستانا شتی وا روو نادات.
وە سەر ئەنجام: پەیدابوون و گەشەی نەسڵێکی نوێی خوێندکار که تا ئەو ئەندازه به هۆش و زەکاوەتی سیاسی و متمانه بەخۆ گەیشتبێتن که نەکەونه شوێنی کەش و هەوای زاڵ(“جو مسلط”) رۆڵی گرنگی هەیه. لەم لێحازەوە کاک فواد له هەموان سەرتر بوو.
§ چ هۆکارگەلێک وای کرد لە باری رێکخراوەییەوە نهێنی کاری بەوجۆرە هەڵبژێرن کە ڕێکخراوەکە ناوی نەبێت و ئەندامان و کارەکانیان زۆر بە نهێنی بمێننەوە؟
هۆکاری سەرەکی، نهێنیکاری له بەرانبەر رژیمی ئەشکەنجه و زیندان و سەرکوتا بوو. کاتێک که هیچ ئیمکانێک بۆ خەباتی سیاسی و بانگەشەی ئاشکرا، بوونی نەبوو، ئەبوا رێگەی کاری نهێنی لەسەرخۆ و “خشت لەسەر خشتدانان”مان بگرتایتە بەر. جا لەم کارەدا هێشتا بنەڕەتێکی سەقامگیر و به تاقەت و توانی ئیدامەکاریت پێک نەهێنابێ بەڵام له سەر کاغەزەوە به دوژمنەکەت بڵێی ئەوە من رێکخراوەیەکم که دەمەوێ بتڕووخێنم کارێکی عاقڵانه نەبوو و تەنها ئەبووە لافلێدانێک که ئاکامەکەی هۆشیارکردنەوەی زۆرتری دۆژمن بۆ وەکارخستنی ئەوپەڕی هێزی بۆ لەناوبردنی تەواوی رێکخراوەکه بوو.
§ ڕێکخراوی کۆمەڵە چەندە لە دەرەوەی کوردستان واتە لە شارەکانی ئێران کەسی هەبوو؟
پێش شۆڕشی ٥٧ له تاران، ئەسفەهان، لوڕستان، هەمەدان، تەبرێز و مەشهەد به ژمارەیێکی کەم(به نێسبەت کوردستان) کەسی هەبووه بەڵام دوای رووخانی شا، رووی له زیادبوون کرد.
§ کاریگەریی کۆمەڵەی ڕەنجدەران؟
له ئەوەڵەوە ناویان “کۆمەڵەی مارکسی ـ لێنینی” بوو. من یەکەم جار کاتێک له زیندانا بووم، له دیدار لەگەڵ زیندوویاد جەمیل برامدا(کە ئەندامی “تەشکیلات”بوو)خەبەرەکەم بیست. فرە خوەشحاڵ بووم و له هەمان کاتیشا له پشت مێڵەکانەوه هەر ئەونەم توانی به جەمیل بێژم که “ئەبێ وریا بین بزانین له کردەوەدا چۆنن چوونکه تەنها به قسە و ئیددێعا کەس نابێ به مارکسی و لێنینی”…
من پێم وایه پێکهاتنی کۆمەڵەی رەنجدەران بۆ هەموومان دڵخۆشکەر و هیوابەخش بوو و وەک هەنگاوێکی گرنگی روو له پێش له بزووتنەوەی کوردستانی باشووردا چاومان لێ ئەکرد. هەر بۆیەش بۆ پەیوەندیگرتن لەگەڵیانا و خۆشکردنی رێگا بۆ هاوکاری و هاوپشتی کۆتاییمان نەکرد. ئەڵبەت له بار بیروبۆچوونەوە پێم وا نیه کاریگەریەکیان لە سەرمان بووبێ.
§ کۆمەڵە چەندە لە ژێر کاریگەریی مائۆئیسمدا بوو؟ تێگەیشتنێکی گشتی هەیە کە کۆمەڵە وەک مائۆئیست دەناسێنێت (وەک خاڵێکی مەنفی).
من لە بیرم نایێ هیچکام له ئێمه خۆمان به “مائۆئیست” ناساندبێ. بۆ روونکردنەوەی زیاتر سەرنجتان بۆ وەڵامی پرسیاری پێنجم لە بەشی یەکەم(پێگەی کۆمۆنیزمی شوورەوی و ئەزموونی چین…)رائەکێشم. له راستیا ناساندنی کۆمەڵه به مائۆیست و “کومەلەی دهقانی” و لەم قەبیله وەک خاڵێکی مەنفی، زۆرتر له لایەن نەیارانی ئێمەوە(توودەیی، فەدایی و …)بوو.
بەشی چوارەم
شۆڕشی ١٣٥٧ هەتا ١٣٥٩
§ کۆمەڵە چۆن توانی لەماوەیکی کەمدا لە باری ڕێکخراوەییەوە گەشە بکات، لە کاتێکدا پێش شۆڕشی ٥٧ بەوجۆرە بە نهێنی مابوەوە؟ مەبەستم ئەوەیە چۆن لە هەموو شارەکان کۆمەڵە لق و پۆی سەند؟ هۆکاری سەرەکی کامەیە؟
له راستیا کۆمەڵه هەر له کاتی نهێنیبوونیشیا بە بۆنەی هەڵبژاردنی رێبازی دورستی “چوونه ناو خەڵک” و تێکەڵبوون لەگەڵ دەرد و رەنجی خەڵکا، لق و پۆیەکی باشی له زۆرێک له ناوچەکانی کوردستانا پەیدا کردبوو؛ بەڵام هۆی گەشەکردنی دوایی بۆ ئەم خاڵانەی خوارەوە ئەگەڕێتەوە:
ـ یەکەم شت هۆکارێکی گشتیه وا له وڵاتانی دیکتاتۆریا ـ کاتێک حکوومەتەکه له بەرانبەر خەباتی جەماوەریا تووشی لاوازی ئەبێ و بەرەو رووخان ئەچێ ـ دێته ئاراوە. لە وەها هەل و مەرجێکا هەموو جەرەیانەکان گەشه ئەکەن و دیاره کۆمەڵەش که خۆیشی بەشێک بووه لەم خەباته، لەم قانوونه بێبەری نەبووه.
ـ دووهەمینی، لە لایەکەوە سیاسەتی ئاشکرای ئازادیخوازانه و بێگەرد و بێ ئەملاو ئەولای چ له بەرانبەر رژیمی شا و چ له بەرانبەر رژیمی ئیسلامی و گشت هێزه کۆنەپەرستەکانا و له لایەکیترەو خەباتی ماندوویی نەناسانه بۆ بەدیهێنانی حاکمیەتێکی دادپەروەرانەی خەڵکیی، لێوانلێو له ئازادیه سیاسیەکان، سکوولار، پێشکەوتوو و دوور له هەر جۆرە هەڵاواردنێک.
ـ سێهەمینی، ئەوە که ـ به هۆی تایبەتمەندیگەل نەتەوەیی و مێژوویی کۆمەڵگای کوردستانەوە که خەباتێکی سکۆلار و دێمۆکراسیخوازی جەماوەری و هەرە بەهێزی تێیدا شکۆفیابووەوە ـ حاکمیەتی دینی نەیتوانی دەموودەس دوای رووخانی رژیمی شا، دەسەڵاتی فاشیستی خۆی وەکوو باقی ئێران بەسەر کوردستانا داسەپێنێ(هەروەها جەرەیانی دینی ئەحمەدی موفتیزادەش نەیتوانی ببێ به بەرهەڵستێکی گەورە).
ـ چوارەمینی، بوونی کەسانێک له نێو ریزەکانی کۆمەڵەدا(چ نێوی ئەندامیان لەسەر بووبێ یان نا)که ناسراو و لەخۆبوردوو و جێگەی متمانەی خەڵکی زەحمەتکێش و ستەمدیده بوون.
§ ڕۆڵی کۆمەڵە لە گەشەی بزووتنەوەی کوردستان بەدوای شۆڕشی ٥٧دا چۆن دەبێ ببینین؟ یا، ئەگەر کۆمەڵە نەدەبوو، چ بۆشاییەک لە بزووتنەوەی کوردستاندا درووست دەبوو؟
پەرەمپەرەم بوونی کۆمەڵه لەم ساڵانەی دواییا و کاردانەوەی نەرێینی له کوردستانا و هەڵسەنگاندنی لە بەرانبەر دەورانی پێش جیاییەکانا، تا ئەندازەیەکی زۆر ئەتوانێ وەڵامی ئەو پرسیارەمان بۆ روون بکاتەوە. دیاره هیچ رێکخراو و تاکەکەس و کۆڕ و کۆمەڵێک(له باشترین و رێکوپێکترینەکانیشی) بێ عەیب و ئیراد نەبووه و هەرگیزیش نابێت؛ کۆمەڵەش هەروەها. بەڵام ئەگەر مێژوویی و راستبینانه(نەک ئیدەئالی و بۆ عەیبگری رقەبەرانه)چاو له بابەتەکه بکەین، کۆمەڵه(بە تەواو کەم و کەسریەکانیشیەوە) جێگەی هیوا و ئەستێرەیەکی درەوشاوەی بزووتنەوەی ئازادیخوازی گشت ستەملێکراوان له کوردستان و ئێران و بگره گشت رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو. کۆمەڵه نه له بەرانبەر رژیمی فاشیستی ئیسلامیا سەری دانەواندەوه و نه هیچ فریوکاریەکی ئەو رژیمه کاری تێکرد. کۆمەڵه نە حێزبی توودە بوو، نە “ئەکسەریەت”؛ نه “موجاهدین خەلق” بوو، نه “پەیکار” و نه هیچ رێکخراوەیەکیتری ئێرانی لەو چەشنه… له کوردستانیشا له بەرانبەر گشت کۆنە پەرستان و هەرچەشنه پاوانخوازی له لاییکەوە و سازشکاری لەگەڵ دوژمنانی بەشەریەت له لایەکیترەوە سەربەرزانه راوەستا. ئەم جیاوازیگەله له رووی فێرقەگرایی و بەرژەوەندی حێزبی و بۆ خۆداسەپاندن بەسەر خەڵکا نەبوو، بەڵکوو بیرێکی رۆشنی ئینسانی له پێناو رزگاری چەوساوەکانی له پشت بوو و به پێی پیویستیەکی مێژوویی هاتە مەیدان و بوو به وەها هێزێکی کۆمەڵایەتی که بۆ کەس ناسڕێتەوە. ئەم خاڵانه لەگەڵ وەڵامی پرسیارەکەی پێشوودا کۆ بکەنەوە، پێم وایه به جوابێکی رۆشنمان ئەگەیێنێ که ئەگەر کۆمەڵه نەبوایێ بزووتنەوەی کوردستان هەر له هەنگاوەکانی یەکەمیەوە چی بەسەر دەهات.
§ ڕەخنە لە بۆچۆنی ‘خومەینی و ڕژیم وەک دژی-ئیمپریالیزم’. ئەم تێگەیشتنە کە مێژوو درووستییەکەی سەلماندوە، چۆن لای کۆمەڵە پێک دێت؟
لەو تایبەتمەندیە بنەڕەتیانه(باوەڕی تەواو به ئازادی و دێمۆکراسی و پێشکەوتنخوازی و…) سەرچاوەی ئەگرت وا پێشتر باسمان کرد. هەر وەها به دیتنی نموونەگەلی زۆر له ئاستی دنیا و خوێندنی لێکدانەوەکانی لێنین له بارەی ئەمپێریالیزمەوە گومانمان لەوەدا نەبوو که به قەولی لێنین “ئەمپێریالیزم لە باری سیاسیەوە بریتیه له بەکارهێنانی سەرکوتگەری و کۆنەپەرستی“. هەر له کۆبوونەوی سەرانی وڵاتانی زلهێزەوه لە “گوادولۆپ” تا هێنانی کۆنەپەرەستێکی وەکوو خومەینی بۆ پاریس، دیار بوو قەراره چ جێگرێک دوای رووخانی حکوومەتی پەهلەوی به سەر ئێرانا داسەپێنن… حاکمیەتی ئیسلامی هەر له رۆژی ئەوەڵەوە دەسی کرد به سەرکوت و کوشتاری ئازادیخوازان، ژنان، کرێکاران، نەتەوەکان و … واته کردەوەگەلێک کە هیچ ناتەباییەکی لە بەرانبەر سیاسەت و بەرژەوەندیەکانی دەوڵەته ئەمپێریالیستیەکان له ئاست وڵاتانی ژێردەستەدا نەبوو. کە وا بوو، ئێمه هیچ گومانێکمان لەوەدا نەبوو که جلو بەرگی “دژه ئێمپێریالستی”ەک وا حاکمیەتی دینی و دژەبەشەری ئیسلامی لە بەری کرد، له لایەکەوە روانگەیەکی کۆنەپەرستانه و دژ به هەر جۆره فەرهەنگ و داب و نەریتێکی پێشکەوتووی جیهانی و به تایبەت وڵاتانی رۆژاوایی بە سەریا زاڵه و له لایەکیترەوه بۆ دوژمنتراشی فریوکارانه له پێناو چارەسەری قەیرانی حکوومەتی خۆی بەکاری دێنێ. ئەگەر ئەم دوژمنتراشیە زەرەرێکی بۆ وڵاتانی ئەمپێریالیستیش بووبێ به دەیان قات قازانجی سیاسی و ئابووری بۆیان بەدی هێنا.
ئەڵبەت ئەم دوژمن تراشی و بەرگی “دژە ئەمپێریالیزم” لەبەر کردنه له دنیای دوو جەمسەری “رۆژهەڵات” و “رۆژاوا” دەیتوانی بەعزه قازانجگەلێکیش بۆ رووسیه دەستەبەر بکا. جەرەیاناتی سەر به “ئوردووگای سوسیالیستی”، رووسیەیان به ناوەندی سوسیالیزمی جیهانی دەزانی که پاراستنی له بەرانبەر دوژمنانی ئەمپێریالیستا، ئەرکی سەرەکی هەموو حێزبه “سوسیالیستی”ەکان بوو و لەم پەیوەندیا پشتیوانی و هاوکاری لەگەل هەر هێز و حکوومەتێکی “دژە ئەمپێریالیستی”دا(تەنانەت وەکوو رژیمی فاشیستی ئیسلامی ئێرانیش)رێگه پێدراو بوو. کۆمەڵه به تەواوی دژ بەم جۆره لێکدانەوە و سیاسەتانه بوو و لە بەرانبەر ئەم روانگەیشا سەربەرزانه هاتە دەرەو. بەڵام جەرەیاناتێک وەکوو حێزبی توودە و چریکی ئەکسەریەت که “فریو”ی ئەو دورشمه درۆینه و کۆنەپەرەستانەیان خوارد و بەرەو هاوکاری رژیم و خەیانەت به خەلک رۆیشتن، نیشانیان داـ به پێچەوانەی بیروو بۆچوونەکانی کۆمەڵه ـ له لایەکەوە خزمەتکاری قازانج و بەرژەوندی و سیاسەتی دەرەوەی دەسەڵات داریەتی دیکتاتۆری رووسیە وەکوو سەرکردەی ئوردووگای بەنێو”سووسیالیستی”بوون و له لایەکی ترەوه دێمۆکراسی و ئازدیخوازی به لایانەو بایەخێکی نەبوو(یان بایەخێکی زۆر کەمی بوو).
§ حێزبی کۆمۆنیستی ئێران:
o هەوڵی کۆمەڵە بۆ پێكهێنانی حیزبی کۆمۆنیست ئێران چۆن تەوزیح دەدرێ؟
بەپێی بۆچوونی رەوتی چەپ و سووسیالیستی له سەرانسەری دنیا، پێکهێنانی حێزبی کۆمۆنیست له هەر وڵاتێکی سەرمایەداریا بۆ رووخاندنی سەرمایەداری و بەدیهێنانی حاکمیەتی چینی کرێکار و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی سووسیالیستی، یەکێ له ئەرکه سەرەکیەکان بوو. کۆمەڵەش که خۆی به بەشێک لەو رەوته دەزانی، هیچ گومانی لەوەدا نەبوو که سەرئەنجامی خەباتی له نێو کرێکارانی ئێرانا(به چاوپۆشی له جیاوازیگەل نەتەوەیی، مەزهەبی، زبانی و …)دەبێ به پێکهاتنی حێزبێکی سەراسەری کۆمۆنیستی و کرێکاری بگات. حێزبێک که ئەرکی رێبەری خەباتی گشت چینی کرێکار بەرەو ئامانجه کورت خایەن و درێژخایەنەکانی بەڕێوە ببات.
بێجگه لەو بۆچوونه گشتیه، له ژێر کاریگەری شۆڕشی ساڵی ٥٧ و رووخانی رژیمی دیکتاتۆری پاشایەتیدا چەپ به گشتی توانی گەشەیەکی زۆر بکا. له هەل و مەرجێکی وەهادا بوو که ئێمه توانیمان(به عەقڵیەتی ئەو کاتەمان) ئەرکی پێکهێنانی حکا(دیارە به کەم و کەسریەکی زۆرەوە)بەجێ بێنین.
o کاریگەرییە سەرەکییەکانی حیزبی کۆمۆنیست لە سەر کۆمەڵە چۆن دەبینن؟
له سەرەتاکانا کاریگەریەکی ئەرێنی لەسەر کۆمەڵه و به تایبەت لەسەر بەشێک له چەپەکانی ئێران ـ له ئاستی سیاسی و بەرنامەیی و هیوابەخشیەوە ـ بوو(بەشێکیتر له چەپەکان نەک له رووی دڵسۆزی و لێکۆڵێنەوەی بەرپرسانەوە، بەڵکوو یان له رووی خۆ بەزلزانی و له روانگەیەکی فیرقەگەرایانەوە یان بەهۆی سەر بە شوورەویبوونیان، دژ بەم کارەی ئێمه بوون). بەڵام وردەوردە که له لایەکەوە ئەم حێزبه نەیتوانی له ئاستی سەرانسەریا وەکوو کۆمەڵە پێگەی کۆمەڵایەتی بەدەس بێنێ و له لایەکیترەوە بزووتنەوەی کوردستانی رۆژهەڵاتیش له باری سەربازیەوە بەرەو لاوازی چوو و مەیدانی خەباتی پێشمەرگەش رۆژ بەڕۆژ بەرتەسکتر بووەوە، ناکۆکیەکان سەریان هەڵدا. لە وەها هەلومەرجێکدا بوو که “کمونیسم کارگری” بە رابەری “مەنسوور حێکمەت” هاته مەیدان و هۆی سەرنەکەوتنی “حکا”ی له ناسیۆنالیزمی نێو کۆمەڵەدا دیتەوە!(سەرنجتان بۆ “تاریخ بازنده” رادەکێشم که تا رادەیەک به چڕوپڕ لەم بارەوە قسەم کردوە).
بەلای منەوە ئەزموونی پێکهێنانی حکا به تەواوی کەم و کەسری و دەردیسەرەکانیەوە، ئەزموونێکی گرنگ بوو و راستیەکی خسته بەرچاو که رەنگە به بێ ئەو ئەزموونه هەرگیز نەمانزانیبای: ئەویش ئەوە که له ئێرانی چەند نەتەوەیی و لێوانلێو له ستەمکاری نەتەوییداـ به هۆی جیاوازیگەل سیاسی و کۆمەڵایەتی قووڵ و بەرچاوی نەتەوەکان ـ حێزبی یەکگرتووی چەپی سەرانسەری(به یەک ناوەندەوە) ناتوانێ بوونی هەبێ(له باتیا دەکرێ و پێوێستیشه که هاوکاریگەلی کاتی و بابەتی بەڕێوە بچێت). گرنگی ئەو ئەزموونه ئەتوانین له سەرێکی دێکەشەوە ببینین: له حاڵێکدا هیچ ئاسەوارێک لەو حێزبه نەماوە، هێشتا بەشێک له هاوڕێیانمان دڵیان به تابلۆیەک بە ناو حکا خۆشه و لەم بارەوە خەیاڵ و راستی بە لایانەوە جیاوازیەکی نیه. جا بزانن ئەگەر ئەو ئەزموونه نەبوایە، لایەنگرانی کاری بێئاکامی “پێکهێنانی حێزبی کۆمۆنیستی ئێران” هەر ئێستاش چەنده بوون و هەرا و “چالاکی” و گێرە و کێشه لەم بارەوە له چ ئاستێکا بوو!
بەشی پێنجەم
دەیەی ١٣٦٠
§ کۆمەڵە لە کۆتایی دەیەی ١٣٤٠دا، بە ڕەخنە لە ڕێبازی چریکی و بۆ شۆڕشی کۆمەڵایەتی پێک دێت. کەچی لە ساڵەکانی ١٣٥٨ بەولاوە، دەبێتە لایەنێکی گرینگی خەباتی چەکداری لە کوردستان. ئایا هۆکاری ئەمە دەبێ بگەڕێنینەوە بۆ نیزامیکردنی کوردستان و ئەوەیکە دەرەتانێکی دیکە بۆ درێژەی خەبات و ژیان نەمابوو، یا بۆ گۆڕێنی تێگەیشتنی کۆمەڵە لە ڕێبازی چەکداریی؟
نەخەیر، تێگەیشتنی کۆمەڵە لەم بارەوە نەگۆڕدرابوو؛ ئێمه له رووی ئەزموونەکانی سەرانسەری دنیاوە، هەر لە سەرەتای کاری سیاسیمانەوە باوەڕمان بەوە بوو که حکوومەته دیکتاتۆر و سەرکوتگەرەکان به بێ شەڕی چەکدارانه لەسەر کار لاناچن. بەڵام به پێچەوانەی چریکه فیداییەکان، کاتێکمان بۆ ئەم کاره به گونجاو ئەزانی که جەماوەری خەڵک(وەکوو یەکێ له شەرتەکانی سەرکەوتن)بۆ بەشداری لەم شکڵه له خەباتا ئاماده بووبێتن.
له گەلاوێژی ١٣٥٨ بەم لاوە دوو شت بوونە هۆی ئەوە کە کۆمەڵه لێبڕاوانه و به تەواوی توانەوە بچێته مەیدانی شەڕی پێشمەرگانه و بانگەوازی بۆ بکا( بەیانیەی “خلق کرد در بوتەی آزمایش”): یەکەم ـ هێرشی رژیمی ئیسلامی وەک هێزێکی داگیرکەر بۆ سەر کوردستان. دووهەم ـ ئامادەبوونی خەڵکی کوردستان بۆ پشتیوانی و بەشداری لە شەڕی دژ بەم هێرشەدا.
ئەڵبەت بەر له هێرشی سەرانسەری ٢٨ی گەلاوێژی رژیم بە فەرمانی خومەینی، کۆمەڵه له چەند شەڕی دیفاعیتردا بەشداری کردبوو(بەرانبەر بە هێرشەکانی پادگانی سنه و پادگانی مەریوان و چەکدارەکانی مەکتەبی قورئان له مەریوان؛ هەروەها بەرپەرچدانەوەی پیلانگێڕی چەکدارانەی بەعزێک له ئاغاوات و سەرۆک عەشایرەکان که بۆ بووژاندنەوەی دەسەڵاتی کۆن بەسەر جووتیارەکانا هاتبوونه مەیدان؛ لەم پەیوەندیا پێکهێنان و چالاکی “یەکیەتی جووتیارانی مەریوان” به رێبەری کاک فوئاد جێگای گرنگ و تایبەتی خۆی هەیه و …).
§ بەنیزامیکردنی کۆمەڵە لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت؟
ئەگەر مەبەست له “بەنیزامیکردن”، پێشمەرگایەتی بێت، پێم وایه له پرسیاری پێشووا وەڵامم داوەتەوە. ئەگەر مەبەست لەو عێبارەته، حاکمیەتی چەک بەسەر سیاسەتا و لە پەراوێز خستنی سیاسەت و ئامانجەکان بێت، قەت شتی وا نەبووە و کۆمەڵه بێوچان بۆ هەرتا روونترکردنەوەی ئامانجەکانی و ئاگاەکردنەوی خەڵک، به تەواوی هێزەوه تێکۆشاوە.
§ دەوری کۆمەڵە لە خەباتی چەکداریی دوای هێرشی رژیمی ئیسلامی له ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨دا چییە؟ چ پێناسەگەلێکی نوێی بە بزووتنەوەی کوردستان دا؟
ئەتوانم ـ به دوور له رکنی(تعصب، رکه)و بەرژەوندی رێکخراوەیی و لەمانه ـ به دڵنیاییەوە بڵێم کۆمەڵه به دوای رووخاندنی رژیمی شا و دەسپێکردنی چالاکیی ئاشکرا، چ له خەباتی چەکداری و چ له خەباتی سیاسی و مەدەنیا تاقانەیەک بوو له مێژووی کوردستان و بگره رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا:
یەکەم ـ کۆمەڵه بە شوێن هیچ قازانجێکی رێکخراوەیی یان تاکەکەسی له بانسەری خەڵکەوە نەبوو. رزگاری خەڵکی زەحمەتکێش و چەوساوە له هەژاری و ژێردەستەیی و هەرجۆره ستەم و هەڵاواردنێک پێناسه و ئامانجی بنەڕەتی بوو؛ به جۆرێک که رووناکایی خستبووە سەر هەموو کردەوەکانیا. چەکی پێشمەرگایەتی کۆمەڵه له خزمەت ئەو بیروبۆچوون و ئامانجەدا بوو(به لای منەوە ئەوانه وا دواجار لەم پێناسه بنەڕەتیه لایاندا، به ناحەق نێوی “کۆمەڵه”یان لەسەر خۆ هێشتووەتەوە).
دووهەم ـ کۆمەڵه به ژن و به پیاوەوە ئەو بیرو بۆچوون و بنەمایەی تێیدا پێک هاتبوو که ببێتە جێگەی خەباتی گشت ژنانی تێکۆشەر و ئازادیخواز و ببێته ئاڵاهەڵگری بێ ئەملا و ئەولای رووخاندنی داب و نەریت و دەستووری کۆنەپەرستانه و پیاو سالارانه و فاشیزمی دینی دژ به ژن. بەشداری ژنانی کۆمەڵه له خەباتی پێشمەرگانەشدا، دیاردەیەکی پڕ له شانازی بۆ ژنان، بۆ کۆمەڵه و بۆ گەلی کورده.
سێهەم ـ کۆمەڵه هیچکات تووشی خۆشخەیاڵی و تەوەهۆم به دەوڵەتی سەرکوتگەری ناوەند و دەسەڵاتی فاشیزمی ئیسلامی نەبوو. لەم پەیوەندیا نە خەڵکی به لاڕێدا برد و نه هەرگیز ژێربەژێر به شوێن سات و سەودا لەگەڵ دوژمنی داگیرکەرا تاقە هەنگاوێکی هەڵگرت. کاتی وتووێژ لەگەڵ دوژمنیشا هیچی لە خەڵک نەدەشاردەوە. به لای منەوە ئەگەر هەموو هێزەکانی کوردستان وەکوو کۆمەڵه سەر و ماڵیی دژ به رژیمی ئیسلامی راوەستابان و یەکگرتوویی دژ به دوژمنی داگیرکەریان بکردایتە سیاسەتی سەرەکی خۆیان، مەحاڵ بوو شکستی سەربازی بخۆین و من گومانم لەوەدا نیه که دوژمنی فاشیستمان به چۆکدا دەهێنا و باقی خەڵکانی ئێرانیشمان دژ بەو رژیمه(که هێشتا خۆیشی بەتەواوی سەقامگیر نەکردبوو)دەهرووژاند.
چوارەم ـ کۆمەڵه له پێکهێنانی شووراکان، جەمعیەتەکان، بنکەکان و هەرچەشنه کۆڕ و کۆمەڵی مەدەنی و دێمۆکراتیکدا(هەر ئەوەنده که رێبازێکی ئازادیخوازانە، پێداگر له مافه ئینسانیەکان و پێشکەوتنخوازانەیان بگرتایتە بەر)رۆڵی سەرەکی له خۆ نواند و بەشدار و پشتیوانی هەموویان بوو. هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵه له خزمەت بنەماگەلێکی لەو چەشنەدا بوو.
پێنجەم ـ کۆمەڵه ئاڵاهەڵگری سکولاریزم و دژ به هەر دارودەسە و تاقمێک(وەک جەرەیانی ئەحمەد موفتیزاده) بوو که بۆ داسەپاندنی دەسەڵاتی دینی بەسەر خەڵکا، فریوکاری و پیلانگێڕی چەکدارانه و تەنانەت هاوکاری رژیمی فاشیستی ئیسلامیشیان ئەکرد. له هەمان کاتا کۆمەله لەگەڵ هەر باوەڕمەندێکی دینی و مامۆستایەکی ئایینیدا که له ریزی گەلی کوردا بۆ ئازادی و پێشکەوتنخوازی خەباتی بکردای پەیوەندی دۆستایەتی و هاوخەباتی چڕ و پڕی دادەمرزاند. لەوانه ئەتوانین پێش هەمووان له کەسایەتی سکوولار و پێشکەوتنخواز، سەربەرز و کۆڵنەدەری گەلی کورد زیندوویاد مامۆستا شێخ عێزەدینی حسەینی یاد بکەین. پێشمەرگەکانی کۆمەڵه هەر له سەرەتاکانی خەباتی چەکدارانەوە بەدواوە، ئەرکی پاراستنی مامۆستا و چالاکانی دەفتەری مامۆستایان له ئەستۆ گرتبوو.
شەشەم ـ کۆمەڵه لە پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتی بەعسی عێراق و کەڵک وەرگرتن له شەڕ و کێشەی بەینی دوو رژیمی ئێران و عێراقدا پاکترین و بەپرەنسیپترین بوو و هیچکات بایەخە ئینسانی و سیاسیەکانی نەخسته پشت گوێ(هەر بۆیەش له لایەن رژیمی فاشیستی عێراقەوە جارێک بومبارانی خووشەیی و جارێکیش بومبارانی شیمیایی کراین). ئێمه له دەسپێکی شەڕی ئێران و عێراقدا له بەیانیەیەکدا ئەو شەڕەمان له هەر دوو لاوە مەحکووم کرد و وتمان هەر دووک حکوومەتەکه فاشیستین و ئەم شەڕه دژ بە خەڵکی هەردووک وڵاتەکەیه. بەڵام دوای پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتی عێراقا، بانگەشەمان دژ بەو حکوومەتە راگرت؛ تەنها ئەوە نەبێ که کوشتنی خەڵکی غەیری نیزامیمان له هەرلایەکەوە ببوای مەحکووم ئەکرد. جا چ بەم بۆنەوە و چ به بۆنەی پەیوەندی دۆستانەمان لەگەل یەکیەتی نیشتمانی و کۆمەڵەی رەنجدەرانەوە، مەقاماتی عێراقی له وتووێژەکانا ناڕەزایەتی خۆیان دەر ئەبڕی و به تایبەت زۆرجار دەیان وت نابێ لەگەڵ “مخربین”(یەکیەتی)دا پەیوەندیمان هەبێ. دیاره ئێمه نەچووینه ژێر بار داخوازیگەلێک لەم جۆره و تەنانەت تا ئەو جێگا که پێویست بوو و پێمان بکرابایت زۆر به نهێنی یارمەتی دۆستانی خۆمانمان دەدا.
حەوتەم ـ کۆمەڵه رێکخراوێکی پاوانخواز نەبوو؛ هیچکات باوەڕی بەوە نەبوو که خۆی به زەبری چەک بەسەر خەڵک و ئەحزابیترا داسەپێنێ و له کردەوەدا پێداگری ئازادی و مافی بێ ئەملا و ئەولای هەموان له گشت بوارەکانی باوەڕ و وتار و خەباتی سیاسی و رێکخراوەییدا بووه. کۆمەڵه هیچ رۆڵێک و خەتایەکی له پێکهاتنی شەڕی چەکداری نێوخۆییدا نەبووه؛ مەگەر ئەوە بەرگری لەخۆ ـ کاتێک بدرێیته بەر هێرشی چەکدارانه ـ به خەتا بزانین.
هەشتەم ـ یەکێ له شانازیه بەرچاوەکانی کۆمەڵه سیاسەتی رەفتاری ئینسانی لە بەرانبەر ئەسیرەکانی دوژمن و پاشانییش ئازادکردنیان بوو. تەنها کەسانێک له زیندانا رائەگیران که لێمان یەقین ببوای نۆکەری سەرووماڵی رژیمی ئیسلامین و بۆ رشتنی خوێنی خەڵکی کوردستان پەروەردە کراون.
نۆهەم ـ بە سەرنجدان لەو بابەتانه وا تا ئێستا باسمان کرد، ئەتوانین خاڵێکی گرنگیتریش بخەینه بەر چاو: ئەگەرچی پرسی نەتەوەیی بۆ کۆمەڵه له باری گوتاریەوە تا ئەندازەیەک له پەراوێزی پرسی چینایەتیا بوو، بەڵام له کردەوەدا پەیگیرترین و لێبراوترین خەباتکاری دژ به دوژمنی سرکوتگەر و داگیرکەری فاشیست له پێناو بەدیهێنانی مافی چارەنووسی نەتەوەی کوردا بوو. له هەمان کاتا له ناوەرۆکدا، لەگەڵ بزووتنەوەکانی رابردووا ئەو جیاوازیە گرنگەی هەبوو که چیتر “ستەمی کورد لەسەر کورد” واته پاوانخوازی و ستەمی چینه باڵادەست و داراکان و هێزه کۆنەپەرەستەکانی کوردستان بەرانبەر به چینه زەحمەتکێش و ژێردەستەکانیشی قەبووڵ نەدەکرد. به کورتی، هاتنه مەیدانی کۆمەڵه چ له بوواری پێشمەرگایەتی و چ له بوواری مەدەنی و مافه ئینسانیەکاندا به مانای دەسپێکی رێبازێکی نوێ له بزووتنەوەی دێمۆکراتیکـ نەتەوەیی خەڵکی کوردا بوو.
پرسیاری کۆتایی
جێگەی کۆمەڵە لە مێژووی چەپ لە ئێراندا (بەدوای شەڕی دووهەم هەتا ١٣٧٠/١٩٩٠) چۆن دەبینن؟
پێم وا نیه له مێژووی پەیدابوون و گەشەکردنی بزووتنەوەی چەپ له کوردستانی رۆژهەڵاتا هیچ جەرەیانێک بەقەد کۆمەڵه بەو ئەندازه له ناسراوبوون، خۆشەویستی و کاریگەری لەسەر چەپی ئێران گەیشتبێ(له شۆڕشی ١٣٥٧ەوە تا چەند سالێکی دواتر که شەڕی چەکداری هێشتا بەردەوام بوو و ناکۆکیەکانی نێو “حکا”ش دەستی پێ نەکردبوو).
هۆی ئەم دۆخە تازه و تایبەته له تێکئاڵاوی چەن شتا بوو: له ئاستی کۆمەڵایەتیا، دوای “اصلاحات ارضی” دیاسپۆڕای کورد روو به دەرەوەی کوردستان وەکوو کرێکار، کارمەند، خوێندکار، کاسبکار و هتد رۆژبەرۆژ رووی له زیادبوون کرد و دوای شۆڕشی ساڵی ٥٧یش هەر درێژەی بوو. ئەم دیاردەیه به بەراورد لەگەڵ رابردوودا، پەیوەندیەکی بێوێنەی له نێوان کوردەواری و باقی ئێرانا پێک هێنا. له وەها زەمینەیەکدا ئەو خوێندکارە خەباتکار و سیاسیەی کوردیش وا خۆیان له نێو رەوتی “کۆمەڵە”دا دیتەوە، لەگەڵ ژمارەیەکی بەرچاو لە خەباتکارانی چەپی ئێران ـ چ کاتی خوێندن له زانکۆ، چ کاتی کارکردن و چ له زیندانەکانی رژیمی شاداـ ئاشنایی و پەیوەدییان بوو و جێی رێز و متمانە بوون. ئەوە بوو که بۆ چەپی ئێران، کۆمەڵه شتێک نەبوو که له ناکاو هەڵقوڵابێ و بۆیان بێگانه بێ. جا که ئاستی سیاسی ئێران بە هۆی شۆڕشی ١٣٥٧ەوە گۆردرا و کۆمەڵە وەک رێکخراوێکی خەڵکی و بەهێز هاتە مەیدان و نەچووه ژێر باری رژیمی ئیسلامی و تەنانەت له بەرانبەر هێرشی ئەو رژیمه دڕندەدا خۆڕاگری چەکدارانەی دەس پێکرد، رێز و حورمەتی له ناو خەباتکارانی چەپی ئێرانا چووە ئاستێکی هەرە بەرزەوە. جگه له جەرەیاناتێک وەکوو حێزبی توودە و فەدایی ئەکسەریەت(که نەتەنیا رەنگ و بۆی چەپیان پێوە نەمابوو بەڵکوو رێگەی خەیانەت و هاوکاری لەگەڵ رژیمی فاشیستی ئیسلامیان گرتە بەر)رەوتی چەپ بە گشتی(بە تایبەت ئەوانه وا به خەتی ٣ دەناسران) کەم یان زۆر سەمپاتیان به کۆمەڵه بوو و ئامادەگیان بۆ نزیکبوونەوە، هاوکاری و تەنانەت خۆتواندنەوە له ناو کۆمەڵەدا دەردەبڕی… یان وەک نموونەیەکیتر؛ لایەنگرانی کۆمەڵه لە نێو کرێکارانی شێرکەتی نەوتا، “خبرنامه”کانی کۆمەڵەیان به هەزاران بڵاو ئەکردەوە… و هتد.
جا هەروەک دەزانن کۆمەڵه له وەها هەل و مەرجێکا چوە پای پێکهێنانی حێزبی کۆمۆنیستی ئێران. من له بەشی چوارەمی “تاریخ بازنده” لەم بارەوە قسەم کردوە و لێره ناچمه سەری. بەڵام لێره له پەیوەندی لەگەڵ پرسیارەکەی ئێوەدا ئەیژم: ئەگەر کۆمەڵه نەبوایێ ئەو “حێزب کۆمۆنیست ئێران”ه بەو قەدوقەواره ناتەواویشەوە پێک نەدەهات. چوونکە هیچ چەپێکی تر ئەو قورساییەی کۆمەڵەی نەبوو تا به خۆیا بپەرمێ و دەست بۆ کارێکی وەها ببات(لێره کارمان به دورستی و نادورستی پرۆژەکەوە نیه که به عەقڵی ئێستای زۆربەی ئێمەمانانەوە کارێکی دورست نەبوو).
ئەگەر بمانەوێ بچینه سەر پرسی تێئۆری و بزانین ئایا “کۆمەڵه”(یان باشتره بڵێین تاکەکانی نێو کۆمەڵه)لەم بارەشەوە کاریگەریان لەسەر چەپی ئێران بووه یان نه، وەڵامی من نەرێنیە. جارێ ئەو بەشەی که بەرەو راست هەنگاوی ناوە و هیشتا به ناوی کۆمەڵەوە کاردەکات زەربەیەکی گەورەی له ئێعتێباری کۆمەڵه(و تەنانەت خەباتی گەلی کوردیش)دا. ئەوەش که پشت “کمونیسم کارگری” گرت، بە دەردی خۆڕووخاندن چوو و بۆ کۆمەڵه و رێبازی کۆمەڵە لاوازیەکی بەرچاوی بەدی هێنا. له راستیا ئەم “کۆمۆنیزم”یشه هەر کۆمۆنیزمه رووسیەکەی جاران(“سوسیالیسم له یەک وڵات” به ئاکامی دیکتاتۆری به سەر خەڵکدا)بوو که دروشمگەل تەکفیری دژ به “ناسیۆنالیزم” کوردیشی لێ زیاد کرابوو… ئەم دۆخه(لایەک بەرەو راست و لایەک بەرەو “ئوولترا چەپ”) بوەتە هۆی ئەوە که ئەگەر ناو ئێمەمانانا بیرۆکەیەکیشمان بێ که شیاوی وتن بێ، کەس له ناو چەپی غەیرەکوردا گوێیەکیشی بۆ شل نەکا. جا ئەم لاوازی و قەیرانی سیاسی ـ رێکخراوەیی کۆمەڵه بخە پاڵ شۆڤینیسم فارسی ـ ئێرانیەو، بزانه چەی لێ دەرتێ!
بە تەواو ئەمانەشەوه ئەزموون(یان ئەزموونەکان)ی کۆمەڵه گەنجینەیەکی هەرە گرانبەهایه که ئەگەر بیری قووڵ و بەرپرس و هەستی دڵسۆز و خەمخۆر بێته پای هەڵگرتن و هەڵسەنگاندن و لێکۆڵینەوەی، نه تەنها چەپ له کوردستان، بەڵکوو گشت ئێران و بگرە ئەولاوەتریش بەرەو ئاڵوگۆڕگەلێکی بنەڕەتی له پێناو پێکهێنانی چەپێکی ئازادیخوازی هەرتا بەهێزتر، نوێتر، ئینسانیتر و سەرکەوتووتر دەبات.
شوعەیب زەکەریایی بەفرانباری ١٤٠٢