وەرگێڕانی : هیوا گوڵ محەممەدی
فەرهاد وەکیلی ساڵی ١٣٤٥ لە شاری سنە لە دایک بووە، خۆێندنی تا موهەندسی کشت و کاڵ درێژە پێداوە و تا ئاستی جێگری بەرپرسی گشتی ئیدارەی کشت و کاڵی ئۆستانی کوردستان پلەی ئیداری بەرز بوەتەوە. ساڵی ١٣٨٥ لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەسگیر دەکرێ و ساڵی ١٣٨٩ هاۆڕێ لەگەل عەلی حەیدەریان، فەرزاد کەمانگەر، شیرین عەلەمهولی و مێهدی ئیسلامیان لە زیندانی ئەوین لە سێدارە درا. سێ منداڵی هەیە بە ناوەکانی، هەنگامە، هەورام و هەوراز.
نامەی یەکەم
بە ناوی ئازادی
ئاوڕ لە ڕابووردووم دەدەمەوە، تەنیا ڕابووردوو. دوای تێپەڕینی نێزیکەی دوو ساڵ لە بەندیخانە جارێکیتر گەرێندرامەوە بەندی پڕ ڕاز و ڕەمزی ٢٠٩ی وەزارەتی ئیتلاعات، چاوبەستەکانم لە چاودایە کە بۆنێکی ناخۆش ئازارم دەدات، بیرەوەریەکانی ئەم شۆێنە نەفرەتیە ئازارم دەدەن، ئەم شۆێنە لە خاکی ئێرانا وەک شۆێنەکانی دیکەی وڵاتە، لە ژێر سێبەری کەسانێک بە بیرکردنەوە و ئیدئۆلۆژی تایبەتەوە کونتروڵ دەکرێ.
بیرەوەی یەکەمجارم لا زیندوو بوویەوە کە گواسترامەوە بۆ بەشی ٢٠٩. ئەوکاتەی دوای تەحەمول کردنی قورسترین شکەنجە نامرۆڤانەیەکان لە لایەن ئیتلاعاتی ڕژیم لە شاری سنەوە بۆ زیاد کردنی گوشارەکان و بە قسەی خۆیان تێکشکاندنم هێنرامە ئێرە و ڕووبەروی کەسانێک بوومە وە کە گویا پسپۆڕن، ئەو کەسانە کە تەجروبەی چەندین ساڵ دڕندەی و شکەنجەکردنیان هەبوو بە شانازیەوە باسی کارە نامرۆڤانەیەکانی خۆیان بۆم دەگێرایەوە و دەیانوسیت لەو ڕێگایەوە بمترسێنن، دەیانوسیت تێمبگەینن کە لێرەدا کەس ناتۆانێ بەرخوردانی هەبێ و هەموو کەس تەسلیم دەکەن.
.ڕۆژ، حەوتو و مانگەکانم لە ژووری تاکەکەسی لەگەل گوشاری جەلادەکانی زیندان و بێ هەواڵ لە ژیانی دەرەوەی زیندان و بنەماڵەم تەحەمول کرد و وەک دەرفەتێک کەڵکم لەو دەورانە دژوارە وەرگرت بۆ ئەوەی پێداچونەوە بە بیروباوەڕ و ئامانجەکانم دا بکەم. من لەو بڕوایەدام کە هێندی جار کاریگەری بێدەنگی لە زۆر میتینگ، کۆبونەوە و نوسینی ئێحساسی زیاترە. لە ماوەی بەندیخانە دا زۆر جار ویستم بنوسم و نوسیم. سەرەتا نوسین زەحمەت بوو، هەموو کات بە ڕەش کردنەوە لاپەڕەکان ناڕازی بووم، دەمزانی کە نوسینەکانم کەموکورتیان هەیە و ئەوش بابەتە سەرەکیەکەیە، یانێ دەبوو بڕوام بەو شەتە هەبێ کە دەینوسم، دەنا دەبومە کەسێکی هەلپەرەست و پشتم لە بیر وباوەرەکانم دەکرد.
گەڕانەوە بۆ بەندی ٢٠٩ و هەڵس وکەوتی جەلادەکان بە تاکتیکی نۆێوە گورانکاری لە مندا پێکهێنا. ئەمجارەیان لەگەل جەلادەکاندا روبەڕوو دەبومەوە و چاومیان نەدەبەست، لەوەی کە لە کەش و هەوایەکی تا ئەندازەیەک ئاسانتردا قسەیان لەگەلا بکەم نەدەترسان. تەنانەت هەڵس و کەوت و سەروشکڵی جەلادەکان بە ڕواڵەت فەرقیان کردبوو. ئەمجارەیان کەسانێک کە لەگەل مندا ڕووبەروو دەبونەوە یانێ هەمان جەلادەکانی زیندان کەسانێک بوون خاوەن خۆێندەوە و ڕوناکبیری.
بە دڵنیابونەوە گەشتمە ئەو بڕوایەی کە لەهەڵس و کەوتیان دا دووڕوویی و ناڕاستی هەیە. وام بیر دەکردەوە کە لەوانەیە هەل ومەرجێک هاتبێتە ئاراوە کە ئەو جەلادانەی تەنیا بە لێدان و بێحورمەتی کردن هەڵس وکەوتیان دەکرد ئێستەکانێ ئاوا بە نەرم ونیانی قسە دەکەن. تەنانەت ئەگەر هەڵس وکەوتەکەشیان تاکتیکی بوبێ کاریگەر بوو. ئەو هەڵس وکەوتانە وایان دەکرد کە هەست بەوە بکەم لایەنەکان تێگەشتنی دروستیان لەیەکتر نەبووە و تەنیا لە چوارچێوەی دەمارگرژیدا ڕووبەڕوی یەکتر بووینەتەوە.
حاکمیەت و سیستمی دەسەڵاتدار، منیان بە دژی ئاسایش و دۆژمنی خۆیان دەزانی و لە هیجچ هەل ومەرجێکدا ئامادە نەبوون بە نەرم ونیانی بەرەوڕوی من ببنەوە، لە ڕوانگەی ئەوانەوە من هیچ چەشنە مافێکم نیە و دەبێ تەنیا بە بەژن و باڵای ئەوان و حاکمیەتەکەیانا هەڵبڵێم و لە پەنا حکومەتی ئەوان دا درێژە بە ژیانی خۆم بدەم. بە بیر و رای ئەوان گیرودە بوون بە مادەی هۆشبەر دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیە و دەبێ قەبوڵ بکرێ. هەروەها ئەوان پێیان وایە دزی کردن بەشێکە لە تایبەتمەندیەکانی مرۆڤ و بێ ئێخلاقی و توند وتیژی پێویستی حکومەت و سەرکوتکاریە. بەندیخانە و ئێعدام پێویستی یاسایە.
بە باوەڕی من حکومەت بە واتای ئیدئۆلۆژیە و بێجگە لە ویستی دەسەڵاتداران هیچ شتێکیتر تەحەمول ناکا و پێویستی گوڕانکاری لە هیچ هەل ومەرجێکدا نابینێ.
زەمان تێدەپەڕی و گومانەکانی من لە هاتن وچونی ڕۆژنەم بۆ لای جەلادەکان و ئەو بۆگەنە ناخۆشە زیاتر دەبوون. دوای چەندین جار لێکۆڵێنەوە جەلادەکەم هەستی دەکرد بە پێچەوانەی هاوکارەکانی توانیویە کاریگەری لەسەر هەستی من دانێ و پێوندەیەکانی لەگەل منا نێزیکتر کردەتەوە بۆیە ویستی سەرەکی خۆی هێنایە گوڕێ. داوا کردنی لێبوردون.
بە بڕوای جەلادەکە من کە خاوەن بیروباوڕە و بیرکردنەوەی تایبەت بە خۆمم دەبێ ئێعدام بکرێم، تەنیا یەک ڕێگای دەرباز بوون و نەجات هەیە و ئەوەش داوای لێخۆشبون لە دەسەڵاتدارانی ڕژیمی ئێرانە.
گروپی نۆێی جەلادەکان ڕایانگەیاند کە ناوەندی ئەمنیەتی بە پێچەوانەی ڕاستیەکان و لە پروسەیەکی تەواو سیاسی دا گوشاری خستوەتە سەر دەزگای دادی ئێران کە حکومەی ئێعدامی ئێوە دەر بکات و ئێستەکانێ تاقە ڕێگای قەربوی ئەو کارەی ئەوان و نەجاتی من داوای لێبوردنە.
شایانی ئاماژە پێدانە کە ئەمەش یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی حکومەتە سەرەڕۆکانە، ئەوان هیچکات نایانەوێ هەڵە و کەم وکۆڕتیەکانی خۆیان قەبوڵ بکەن.
ئەوان دەیانویست من حاشا لە رابوردوی خۆم بکەم. بەڵێ، دەیانویست زۆر بە ئاسانی بە واژۆکردنی بەڵگەیەک بە ناوی داوای لێبوردنەوە هەموو رابوردوی خۆم بە بادەم. ئەوان دەیانوت، هیچ شتێک لە خۆڕا نیە و هەموو شتێک بە ویستی ئێمە دەبێتە شت. داوایان لە من ئەوە بوو کە دەست لە ئیرادە، بەرخوەدانی ئەخلاقی ، ناسنامەی کۆمەڵایەتی و مێژووی خۆم بەردەم، هەموو هەوڵێکیان ئەوە بوو کە هۆنەری لەبیرکردنی مێژووم فێرکەن. یانێ لەبیر کردنی ساڵها دەستدرێژی و نادادپەروەی بەرانبەر بە گەلێک. هۆنەری لەبیرکردنی هەموو ئەو جرم وجینایەتانەی ساڵهایە دژ بە گەلانی ئێران بە گشتی و گەلی کورد بەتایبەتی لە ژێر دروشمی بریقەدار و درۆینەی ئاینی، نەتەوەیی و ئەمنیەتی دا کرودیانن. هونەری لە بیرکردنی ئەوەی دژ بە من و بنەماڵەکم کردبویان. ئەوان پێداگر بوون کە ئەوەی لەوکاتەدا ڕوودەدا راستیە و ئەوان ڕێبەر و خاوەنەکانی ڕابردوون و پێداگری من لە ڕابردوو و شانازیەکانم بێواتایە
لە لای ئێوە
وەکو ئێوە
لە ژمار نەهاتوو
بە تاڵەکانی جاڵجاڵۆکە
لەسەر با نوسییان
بژی و بەردەوام بێ ئەم حکومەتە.
ڕۆژ، حەفتە و مانگەکانی پێچوو کە ئەوان بڕوا بەوە بکەن من نامەوێ خۆم لە قاڵبی حاکمان دا بنوسمەوە. من بە پشتبەستن بە ڕابوردوی خۆم و ناسنامەی مێژووی نەتەوەکەم، بە گوێرەی توانا دژی زۆربێژ و زالمان وەستامەوە و ڕامگەیاند کە ئێوە بە هیچ ئەنجامێک ناگەن، لە هەمو دەرفەتێک بۆ وەرگرتنی مافە ڕواکانی خۆم وگەلەکەم کەڵک وەردەگرم، ئەمجۆرە لە هەڵس وکەوت و کردار و دەسەڵاتداریەی ئێوە چ لە ئێران و چ لە هەر دەسەڵاتداریەکی دژی گەلی و سەرکوتگەر و فریودەر بە کەڵک وەرگرتن لە چواچێوە و تێنەگەیشتنی مرۆڤایەتی و سیاسەتدا ڕاستینەی نەتەوەیەک لە قاڵبی ئیزم و لە شێوەی پروپاگەندە و کەڵک وەرگرتنی ئامرازی لە دروشمی دیموکراسی پشتگوێ دەخەن . من لەوە زیاتر کەڵک وەرگرتن لە هەستی نەوەتەیی و نیشتمانی گەلی کورد و بەکارهێنانی جەکی ئیدئۆلۆژی تەحەمول ناکەم و دڵنیام داوای لێبوردون و لێخۆشبوون لە پێناو تاوانێکدا کە نەمکردووە شتێک بێجگە لە ڕاستیەکان لە مندا ناخۆڵقێنێ و ئەنجامەکەی تەنیا دەبێتە پەشیمانی و بێهیوایی.
ئەڕۆکە دوای تەحومەلکردنی ساڵها بەندیخانە، شکەنجە، دژواریەکان و گەیشتن بەو راستیانەی لەو ماوەیەدا پێیان گەیشتوم باوەڕم بەوە هێناەوە کە بێچگە لە بەرخوەدان، بەرخوەدان و بەرخوەدان هیچ ڕێگایەکی دیکە بونی نیە. لەوەش دڵنیا بوومەوە کە حاکمانی ئەم وڵاتە کە ئەمڕۆ دەسەلاتیان قۆرخ کردوە بۆ مانەوە لە دەەسەلات و ئەوەی دەستیان کەوتوە بێجگە لە زوڵم وزۆر، شکەنجە وئێعدام هیچ شتێکی دیکە نازانن. دڵنیا بن کە هەموو برینەکان لە ئەنجامی ئەم حاکمیەت و دەسەلاتدارە بێ لیاقەت و کیفایەتانە دا دێنەوە سۆێ و چڵک دەکەن و دوای ئەوەی گەل وەشیار بویەوە دەرمان دەدۆزێتەوە.
ئەوش بزانن کە ئەو کەسانەی بە زمانی توند پەروەردە کراون بێجگە لە توند و تیژی هیچ زمانێکی دیکە تێناگەن. کەوابو هەر جۆرە تەسلیم بون وپاشەکشەیەک تەمەنی حوکمی ئەم جینایەتکارانە درێژتر دەکاتەوە و ئامرازی دەسەڵات بە دەسەلاتێک وەردەگرێ کە مەشروعیەتی خۆی لە سەرکوت و توند وتیژی لە کۆمەڵگا وەردەگرێ.
لە دوایین ڕۆژەکانا کە جەلادەکەم گویا بیرجیاواز و رۆشنبیرە منی لە ژوری لێکۆڵینەوە بەرەو ژۆرە تاکەکسیەکەم دەبردەوە دیسان هەما ن بۆگەنی کە حاڵی تێک دەدام بەو ناوەدا بڵاو ببویەوە، بەڵام ئەمجارەیان هێندی ڕوونتر تێگەیشتم کە گویا کەسانێک بە دوور لە چاوی ئێمە خەریکی ڕەنگکردنی دیوارەکانی بەندیخانەکەن. ئەوان دیوارە تۆزگرتوەکان ڕەنگ دەکەن لە کاتێک دا لە پشت ئەم دیوارانەوە هەزارن کەس لە بن شکەنجەی قورسا دەناڵێنن، لە ڕاستیدا ئەوان هەموو ترسەکان، ئاواتەکانی پێش مردن، هاوار و ناڵەی هەزاران کەسیان ڕەنگ دەکرد . لە بن تۆز وخۆڵی دیوارەکانا کە رەنگیان دەکردن هەزاران ڕازی شکەنجەگەرەکان و زیندانیەکان شاردراوەتەوە.
بەڵێ، تراژیدیای نەتەوەیەک لێرەدا شاردراوەتەوە.
بەڵێ، بۆگەنێک کە لەو ماوەیەدا منی ئازار دەدا بۆنی ڕەنگکردن بوو، لەوەی کە لەوە تێگەیشتم ئەو بۆنە بۆنی ڕەنگکردنە خۆشحاڵ بووم
ئازارەکانی من
هەرچەند وەک خەڵکی ئەم زەمانە نین
لە ئازاری خەڵکی ئەم زەمانەیەن
فەرهاد وەکیلی
بەندیخانەی ئەوین\ تاران
نامەی دووهەم
مردن ئەگەر ئەژدیها بێ ئەوا لای من مێلوریەکی بێ ئازارە
مردن یانێ ئەڤین، ئاسمانی بوون،مردن یانێ دەستبەردانی کورتماوە لە جیهانی هەستی، مردن یانێ دابڕان لە دیار و دوورکەوتنەوەی دایمی لە یاران، بەڵام چەندە باسی مەرگ و مردنم بۆ دەکەن دڵم داناخۆرپێ. مردن ئەگەر ئەژدیها بێ ئەوا لە لای من مێلورەیەکی بێ ئازارە. مردن بۆ من وەک دیاری دۆستە و شانازی پێوە دەەکەم چونکە لە پێناو گەلدایە.
دوای مەرگم وەکو شەهیدان یاد دەکرێمەوە بۆیە مردن بۆمن بە واتای دووبارە ژیانەوەیە. مردن بۆ من دڵ بە ئەڤین سپاردنە،بە واتای دوبارە لەدایک بوونەوەیە، ئەگەر تەمەنی من یانێ پێوانی نێوان دوو ویستەگە ئەوا گەیشتنم بە مەنزڵ خەیاڵێکی فراوانە، چونکە من، گەلەکەم، ئازیزان و منداڵەکانم لەم دنیایەدا بێ پەنا بوین. بەڵام ئاواتەکانی من لەم سەفەرەدا کە دەزانم بۆ کۆێ دەچم و چم دەۆێ بەرەو مردنم دەبەن، بەڵکو بە مردنی من یان مەرگی من ، خۆێنی مرۆڤێک کە نەوەکانی داهاتو بە شەهیدی دەناسن پشتیوانەیەک بێ بۆ گەلەکەم، نیشتمانەکەم ومنداڵەکانم. بەڵام ئەگەر بڕیارە لە بەرداشی ئەم ژیانەدا شیێتانە بە دار و دیوارم دا بدەن و تەنیا چڵ و چێوی ئێسکەکانم بمێنننەوە، بەرەو پیری مەرگەوە دەچم، ئاخر ئەمە ئیتر مردن نیە بەڵکو پردی پێوندی نێوان ڕابوردو و داهاتوویە. کەواتە لەم شەمەنەفەرەی ناویان لێناوە دنیا دادەبەزم و بە پێی پیادە بەرەو لای ئەڤین دەچم.
ئیتر بۆنی گوڵەباخ، نێرگس و چنوور بۆ لای خۆیانم ڕاناکێشن،ئاخر خۆم سەرچاوەیەک دەبم بۆ بۆنکردنی نێرگس، چنوور و گوڵەباخ. ئیتر بۆ هەتایە خۆم لە چنینەوەی گوڵەکان بێبەری دەکەم، ئاخر دڵنیام لەوەی کە باشترین گولەکانم لە لایەن باشترین مرۆڤەکانەوە بە دیاری بۆ دێن.
هەچەند ڕێگای ڕۆشتنم سەخت و ناهەموارە، لێ کۆتایەکی یەکجاردڵخۆشکەری دەبێ.
دڵم تەنگە، دڵ تەنگم لە دنیا، لە نادادپەروەریەکان، لە زوڵم و زۆرەکان لە دووڕویەکان. ئیتر جەستەی بریندار و ماندووی من تاقەت و توانای هەڵگرتنی باری بەرپرسیارەتی نۆێی نیە، باوەڕم پێبکەن ناتوانم، ئاستەمە.
نازانن چەندەم ئازار چێشتوە لەوکاتەوەی زانیومە کە من میراتگری باشترینەکانم. ئای چەند ئازارم چێشت لەوکاتەوەی لە پاکی کچانی زاگرۆس تێگەشتم و بوومە پەسنبێژی ئازایەتی کۆڕانی ئارات و قندیل. ئاخ چەند بە ئازاە لەو کاتەدا شاهۆش باری قورسی ئەرکەکانمی قورستر کرد. کەوا بو دەبێ بڕۆم، دەبێ ئاشق بم.
ماندوو بوونەکەم لە بەر ڕێپێوان و بەردەوامی ڕێگاکە نیە، بەڵکو لەوە ئەترسم کە ئەو هەموو چێژ و ئەرزشەی ئەمڕۆکە پێیان گەشتوم و بەدەستم هێناون لە دەستیان بدەم.
هاوینی ١٣٧٨
بەندیخانەی ئەوین
فەرهاد وەکیلی