سیاسی

ئێمە بۆ هەموو بابەتێک دابەش دەبین!

بەشی یەک

نێزیک بە تەواوی کوردەکان لە قسە کردن و دروشمدانا کوردستان بە یەک وڵات و کورد بە یەک نەتەوە پێناسە دەکەن. لە زۆر کات و قوناغیشا یاری بە هەستی نەتەوەیی کوردەکانەوە دەکرێ و کراوە. هیچ یەکگرتویەکمان نیە، سەبارەت بە بچوکترین بابەت هاوڕا نین.

ئەگەر قەرار بێت کورد و کوردستان یەک نەتەوە و نیشتمانی دابەش وپارچە کراوبێ و حیزبەکان، چالاکانی سیاسی، ئەدەبی، هونەری و … دژی ئەو ناڕەوایەتیە بن ئەوا دەبوو لە جیاتی بەرەنگار بونەوەی یەکتر دژی ئەو ڕەوشە ببنەوە کە تێیدان.

کوردستان کراوەتە چۆرا پارچە و  گەلی کوردیش دابەشی  سەر چوار دەوڵەت نەتەوە ی ئێران، عێراق، تورکیە و سوریە کراوە.

تراژیدی چارەنوسی کوردان تەنیا پارچە بونی وڵات و دابەش بونی نەتەوەکەیان بە نارەوا و بە گۆێرەی بەرژەوەندی سیاسی، سەربازی و ئابوری دەسەڵاتەکان نیە بەڵکو کارەسات ئەویە لە دوای شەڕی یەکەمی دنیاگرەوە تا بە ئەمڕۆ کورد هەروا لە دابەش بونەوەدایە و ئێستە ئیتر نەک چۆار بەش بەڵکو بوەتە چوارسەد بەشەوە.

کۆ دەنگیمان نیە، هاوخەباتیمان نیە، هاوهەڵۆێستیمان نیە. پەیامی هاوبەش و گوتاری هاوبەش، هێزی سەربازی هاوبەش و دیپلۆماسی هاوبەشمان نیە. کەس گرینگی بەویتر نادات و هەر لایەنە و خوی بە پێشەنگ دەزانێ.

کۆمەڵێ هۆکار و فاکتا پێشگرن لەبەردەم یەک خەباتی هەموو لایەنەکاندا، کوردستان کولونیالیەکی نێوان دەوڵەتانە، سنووری جوگرافیایی سیاسی هەیە، گەلی کورد لەبن دەست و دەسەڵاتی چۆار دەوڵەت نەتەوەی بیر فاشیزم و جینایەتکار دایە، لەوانەیە ئاسان نەبێ هەموو حیزبەکان لە یەک سەنگەرا کۆ بنەوە، ژێئۆپلۆتیکی کوردستان وا هەڵکەوتوە کە ڕۆژهەڵات پشتی بە باشور، باشور پشتی بە باکور و باکور بە ڕۆژئاواوەیە، یانێ شۆێن و جوگرافیای ستراتیژی سەربەخۆمان نیە بەڵام ئەوە تەنیا لایەنێکی کێشە و ئاستەنگیەکەیە، لایەنەکەیتری خودی خۆمانین.

ئازادی پلان، ستراتیژی، تاکتیک و دیپلۆماسی دەۆێ، هاوکات، ڕێکخستن، ئابوری، هێز و چالاکی بەردەوام ڕوڵی گرینگی هەیە.

لە قوناغی شەڕی یەکەم و دووهەمی دنیاگرا کورد گیرودەی ئەو سنوورە سیاسیانە نەبوو بەڵکو گیرودەی ئەقڵی عەشیرەیی و نەبونی ڕێبەرێکی کاریزما و خاوەن بڕیار نەبوو، ئەوکاتەش کە ڕێبەرانی زانا و سیاسەتوان و بیرفراوان هاتنە گوڕەپانی تێکۆشان ئەوا دنیا سەقامیگر و دەوڵەتەکان لەگەل یەک سازا بوون و دەرفەتەکان بۆ کوردان بەرتەسک ببوونەوە.

لەوانەش خراتر ئەویە کە لە قوناغی بە ڕێکخستبون و لەوکاتەدا کە خەباتی حیزبایەتیش گەیشتە کوردستان ژمارەی ڕەێبەر و حزبەکان بە خێرایی زیادیان کرد و ئیتر هیچ ڕێبەرو حیزبێک ئەویتری قەبوڵ نەبووە و نیە.

لە ساڵی ١٩٥٠ کاتێک لە عێراقا گوڕانکاری لە بەڕێوەبەری وڵاتا هاتە ئاراوە و دسەڵاتی پاشایەتی ڕوخا و حاکمیەت بو بە کۆماری دەرفەت بۆ کوردیش هاتە ئاراوە، بۆشایەک لە نێوان دەوڵەتەکانا دروست بوو، کوردستان وەک ئەمڕۆکە میلیتاریزە نەکرا بوو، بە واتایەکیتر دەرفەتێک بۆ کوردەکان هاتبوە ئاراوە کە خویان لە باشورا سنووردار نەکەن و ئەگەر ڕاستەوخۆش نەبێ لە بەشەکانیتری کوردستان و بەتایبەتی لە باکور و ڕۆژهەڵاتا کورەی شورش تاو دەن، بەداخەوە نەک هەر ئەوەیان نەکرد بەڵکو بونە بەربەست بۆ شۆڕشگێڕانی بەشەکانیتر بەڵکو خوڵەمێشی تێکۆشەرانی ئازادی نەتەوە و نییشتمانی دابەش و پارچە کراویان  بەسەر خۆیانا کرد.

لەوکاتە بەداوە کورد بەردەوام دوو شەڕی کردوە، لە سەنەگەرێکا شەڕی دوژمن یان داگیرکەران و لە سەنەگەریەکیترا شەڕی خۆی.

 ئەوەندەی ئێمە لە خۆمان کوشتوە و ئەو شەڕانەی دژی خۆمان کردومانە ئەگەر نیو ئەوەندەیمان بۆ لێدانی دوژمن بەکار بهێنایە ئەوا بێگومان  ئێستەکانی لە ئاستێکیتری هاوکێشە ناوچەیی و جیهانیەکانا بوین.

لە ناوەڕاست و کوتایەکانی دەیەی حەفتای سەد ساڵی بیستا جوڵەی حیزبە کوردیەکان دەستی پێکرد کەچی لەوێشدا مستێکیان لە دومن و خەنجەرێکیان لە خۆیان ئەدا. سالی ١٩٧٩ بە گوڕانکاری لە ئێڕانا بۆشایەکیتر هاتە ئاراوە، کورد دەیتوانی کەڵکی لێوەرگری، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتا بەڵام بێ ئێنجام شەڕ بەسەر گەلی کوردا سەپا و شۆڕشی کورد لە باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانا کەوتنە بن سێبەری شەڕی ئێڕان و عێراق، هاوکات لە باکوری کورستا جوڵانەوەیەکی فراوان دەستیپێکرد.

لە ساڵی ١٩٩١ و ٢٠٠٣ جارێکیتر شانس ڕوی لە کوردان کرد، ئەوجارەش لە جیاتی بیر لە سەرکەوتن بکەنەوە بەربونە یەکتر کوشتن و بەوجورە هەم گەلی کورد لە باشوری کوردستانا توشی خەساری زور هات  و هەم کاریگەری خراپیان کردە سەر ڕۆژهەڵات و باکوریش، بە جۆرێ کە تێکوشان لەو دوو بەشەی وڵاتا توشی قەیران هات.

لە سەرهەڵدانی چەتەکانی داعەش سال ٢٠١١ تا ٢٠١٩ بۆ یەکەمجار تێکوشەرانی سیاسی و سەربازی کورد لە یەک سەنگەر دا خۆیان دیتەوە، مێژویەکی تایبەت بوو، دەرفەتێکی گەورە هاتبوە ئاراوە، بەداخەوە بە هوی فرە ڕێبەری و فرە حیزبی و کاریگەری داگیرکەران بەسەر لایەنە کوردیەکانا دەرفەتەکان گوڕدران بە تێکشکان، نیوەی باشوری کوردستان و نیوەی ڕۆژئاوای کوردستان لەدەستچوون.

داخوا بەم پارچە پارچە بونە، بەم لێک تێنەگەیشتن و پێکهەڵپرژانە شانسی سەرکەوتنمان هەیە؟

ئێمە فەرامۆشکارین، ئەوانەی خەرنجەر بە پشتمانا ڕۆ دەکەن بە زمانی فریودەرانە و بە دروشمی بریقەداری نەتەوەپەرەستی بە لاڕێمانا دەبەن و لە جیاتی ئەوەی حیسابی کردەوە ترسنۆکانە و خراوکاریەکانیان لێ بخۆازین دابەش دەبین و لایەکمان پشتگیریان دەکەین و لایەکمان دژیان دەوستینەوە.

نە کوردستان وەک هیچ شۆێنێکی دیکەی جیهانە و نە گەلی کورد وەک گەلانی دیکەی ئەم دنیایەیە. هیچ نەتەوەیەک ئەوەندی ئێمە دەرفەتی لەدەست نەداوە و وەک ئێمە لە کاروانی تێکنۆلۆژی، ئابوری، سیاسی و سەربازیدا بە جێ نەماوە.

ئێمە لە بۆشاییە مێژوویی، جوگرافیای، سیاسی، ڕێکخستنی و یەکگرتویداین و تا ئەوکاتەی نەتوانین ئەم بۆشایانە ببینین و هەوڵی پڕ کردنەوەیان بدەین چارەنوسمان لە خراپەوە بەرەو خراتر دەچێ.

ئێمە زۆر بە ئاسانی بۆ بچوکترین بابەت گەورەترین دابەش بونمان دەکەوێتە نێوان و خۆمان بۆ بابەتە بچوکەکان تەرخان دەکەین و گرفتە سەرەکی و بەرپرسیارەتیە گەورەکان وەلاوە دەنین.

بەشی دوو

دەرفەتە لەدەستچووەکان

گەلی کورد، یەکێک لە گەلانی بندەستە لە جیهانا کە زیاتر لە سەد ساڵە خۆێن و خەباتی  بەردەوامی لە پێناو ئازدیدا بێ  ئەنجام ماوەتەوە.

هۆکار یان هۆکارەکانی ئەوەی بۆچی گەلی کورد ئەنجامی وەرنەگرتوە و لە زۆر حاڵەتا هەر پاشەکشەی کردوە، دانە و دوان نین بەڵام گرینگترینان دەرفەتە لەدەستچوەکانن.

لە ڕەوتی ڕووداوە مێژوویەکانا گوڕانکاری لە جوگرافیا، کۆمەڵگە و پەیوەندیەکانا دێتە ئاراوە لەو گوڕانکاریانە دا ئەگەر هەر لایەنێک ڕاستەوخۆ بەشدار و کاریگەر نەبێ ئەوا قوربانیە.

لەوانەیە ئێمە بگەڕینەوە بۆ ڕووداوە مێژوویەکان و چەندین بەڵگە و ڕێکەوتن لە ناویاندا ، ڕێکەوتنی لۆزان وەک بیانوی سەرنەکەوتن بێنینەوە. لە ڕاستیدا پەیمانی لۆزان ئەنجامی ئامادە نەبوونی خودی کوردەکان بوو، یان باشترە بێژین تێنەگەیشتنی گەلی کورد بوو لە قوناخ و دەرفەتەکان.

بەر لە پەیمانی لۆزان پەیمانی سایکس\پیکۆ هەیە، لەوێدا قەوارەی دەسەڵاتداری بۆ کوردەکان بە ڕوونی دیاری کراوە.

دواتر پەیمانی سێڤەرە کە لەۆێشدا تا ئاستی جیابونەوە و سەربەخۆیی ماف بۆ گەلی کورد لەبەر چاو گیراوە.

کەواتە بۆچی دواتر لە پەیمانی لۆزانا کە هەموی لە پروسەیەکی ١٠ ساڵە دا، واتە لە سایکس\پیکۆوە تا لۆزان، گەلی کورد پەراوێز دەخرێ و دواتر لە دووبەشی کوردستانا کورد بوون قەدەغە دەکرێ؟

لێرەدا من نامەوێ هەم کێشەکان دەسنیشان بکەم و هەم وەڵامەکانیش بدەمەوە، ئەوەی بۆ من گرینگە ئەوەیە ئێمە وەک کورد بۆچی بە وردی سەرەنج نادەینەو وردەوکاریە  مێژوویی و ئاور لە ڕووداوەکان نادەینەوە و تەنیا بە ئێحساس دەجوڵینەوە.

هەرچۆنێک بێ لەم بڕگە مێژوویەدا کە جیهان پێیدا تێدەپەڕێ ئازادی گەلان و دامەزراندنی دەوڵەت وەک سەد ساڵی ١٩ و بیست نیە، پارسەنگی هێز گوڕاوە، تکنولۆژی، ئابوری و بازرگانی جێگەی لەشکری سوار و پیادە، تۆپ و باروتیان گرتوەتەوە .

لە چاخەکانی ڕابردوودا ئیمپراتوری هەبوو، کەسێک بە هێزێکی زۆری لەشکری و بە هەزاران سەربازی پیادە و سوارە ناوچەیەکی فراوانی داگیر دەکرد و ئەوجا دەکەوتە بەربەرەکانێی دەسەڵاتەکانی دیکە، لەوکاتەدا هەم ئیمکاناتی سەربازی کەم و هەم شێوەی شەڕ و ڕووبەڕوو بوونەوەکان جیاواز بوو.

بە تێپەڕینی کات و پێشکەوتنی کۆمەڵگەی مروڤایەتی وردە وردە ئیمپراتورەکان لە ناوچوون و لە جێگەی ئیمپراتورە گەورەکان دەسەڵاتی بچوک دامەزرا کە قەوارەی سیاسی و ئیداریان بە خۆوە بینی. زۆربەی دەسەڵاتدارکان پاشایەتی بوون و لە بنەڕەتا پاشاکان جۆرێک ئیمپراتور بوون، تەنیا جیاوازیەکەیان ئەوە بو کە ناوچەی ژیر کونترو و حەشیمەتی بندەستیان کەمتر بوو.

لەو ڕەوتە مێژوویانەدا کورد نە ئیمپراتوری هەبوو و نە پاشا. ڕاستە هێندێ سەرچاوە هێندێ کەس، ئیمپراتور و پاشا وەک کورد پێناسە دەکەن، بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە هەر ئەوەی کە کەسێک پاشای نازانم کام ناوچە یان ئمپراتور بووە و نیوەی ئەوروپا و ئیسرائیلی داگیر کردوە  و کورد بووە بە واتای ئەوە نیە کە کورد خاوەن ئەو ئیمپراتور یان پاشایەتیە بووە، هەر ئێستەکانی لەو جۆرە بابەتانەمان هەیە، کەسێک سەرۆک کۆماری وڵاتێکە و کوردیشە کەچی هەبونی کوردان ڕەد دەکاتەوە و تا دوایی.

لە پرۆسەی ڕوخانی دیکتاتورەکان و تەنەنات لە سەردەمی حکومەتی پاشاکانیشا دەرفەت بۆ گەلان هەبوو کە بتوانن بە خۆڕێکخستن و ئامادە کردنی لەشکڕێکی چەند هەزار کەسی حکومەت دامەزرێنن و خویان لە بنەدستی ڕزگار کەن.

ئەو دەرفەتانەی کورد لەدەستی داون زۆرن بەڵام کۆتایی سەدساڵی نۆزدە و بیست بۆ یەکلایی بونەوەی کوردەکان زۆر گرینگ و هەستیار بوو، ئەو دەرفەتانەی کە هیچکات دووبارە نەبوونەوە بە ئاسانی لەدەست  چوون.

لە سەدساڵی نۆزدە و بیستا چەندین نەتەوە بونە دەوڵەت، نەک هەر حوکمی خۆیان بەڵکو چەندین نەتەوەی دیکەشیان بندەست کرد. گەلی کورد لەو رەوتە دا نەک هەر ئازاد نەبوو، کەچی پارچە پارچەش کرا.

دەرفەتە لەدەست چووەکانی گەلی کورد تا کۆماری کوردستان لە مەهاباد شۆڕ دەبێتەوە و ئیتر دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان بە سەرۆکایەتی پێشەوا قازی محەمەد، تێکۆشانی گەلی کورد سنووردا و لەبن کاریگەری ئەولا و ئەولا دایە.

ئەگەر لە سەردەمی شەڕی یەکەمی دنیاگرا گەلی کورد خۆی تەیار بکرادیە و ڕێبەرێکی زانا و دووربینی هەبایە ئەیتوانی بە یارمەتی وەرگرتن لە لایەنە دژبەرەکان خۆی بکاتە هێز و دواتر هیچ حیسێبێک بۆ لایەنەکانی دیکە نەکات.

یانێ لەوکاتە دا کە پێشکەوتنی سەربازی و ڕێگەوبان نەهاتبوە ئاراوە و تەنانەت یەک کەس گەورەترین کێشەی ئەمنیەتی بۆ ناوچە و دەسەڵات دروست دەکرد باشترین دەرفەت بو بۆ کوردەکان کە سەرهەڵدانێکی گشتگیر بێننە ئاراوە و حکومەتێکی خۆماڵی دامەزرێنن.

ئایا هۆکار چی بوون کە ئەو دەرفەتانەمان لەدەست دان؟

هۆکار چیە هیچکات ئێمە ئاوڕ لەو دەرفەتانە و هۆکاری لەدەست چوونەکانیان نادەینەوە؟

هۆکار چیە کورد هەمووکات خۆی بە قوربانی و بەشخوراو دەناسێنێ و بۆ مافەکانی دەپاڕێتەوە؟

چاو لێکەن کاتێک سەنجەرخان لە سنە لە داگیرکەرانی ناوچەکە توڕە دەبێ و بەرەنگاریان دەبێتەوە لە شۆێنەکانی دیکەی کوردستانا هەمان توڕە بوون هەبوو بەڵام قەت یەکیان نەگرت و بێ ئەنجام تێکشکان.

لە کاتی سەرهەڵدانی شێخ سەعیدی پیران، شوڕشی ئارارت، شێخ ڕەزای دێرسیم، شێخ مەحمودی هەفید، مەحموخانی دزڵی و سمایل ئاغای سمکۆ دا  شانسی گەورەی سەرکەوتن هەبوو کەچی لێکدابڕان و یەکتر قەبوڵ نەکردن بۆنە هۆکاری تێکشکانە یەک لە دوای یەکەکان.

ئێستەکانی ئێمە لە قوناغ و هەل ومەرجێکی دیکە داین، بە بێ ئەوەی بگەڕینەوە بۆ دەرفەتە لەدەست چووەکان ناتوانین ستراتیژی دروست بۆ قوناغە هەستیارەکانی داهاتومان داڕێژین.

ئەوەی لە ئەقڵی کوردان دا نەگوڕاوە و هەر هەمان ڕیچکەی شکستەکانی ڕابوردویە، لێک دور کەوتنەوەو  پشتی یەکیتر بەردانە.

بەشی سێ

گەلی کورد لە هاوکێشەکانا بە جێ ما

لە بەرەبەری شەڕی یەکەمی دنیاگرا دوو ئیمپراتوری تزار لە ڕوسیە و عوسمانی لە تورکیە لەرزۆک ببون و بە پەرەگرتنی شەڕ تاقەتی بەربەرەکانێان نەما و ڕوخان. لەو سەردەم و قۆناغەدا وڵاتانی ئەوروپایی و لە پێشیانەوە ئینگلستان و فەرانسە خاوەن هێز بوون و چەک و چۆڵی باشتریان هەبوو.

لە ساڵی ١٩١٧ بە ڕوخانی ئیمپراتوری تزار شۆڕشی کرێکاری یان سوسیالیستی بە ڕێبەرایەتی فلادێمیر لینن سەرکەوت.

بە سەرکەوتنی شوڕش لە ڕوسیە، دنیا بوو بە دوو بەشەوە، بەرەی سوسیالیستی و بەرەی سەرمایەداری یان ئیمپریالیست.

هەر دوو بەرەی جیهانی هەوڵیان ئەدا وا نیشان بدەن کە دەیانەوێ خزمەتی مرۆڤایەتی بکەن و لەو پێناوە دا بڕوایان بە مافی دیارکردنی چارەنوسی گەلان هەبوو.

لە ڕێکەوتنی کوتایهاتنی شەڕی دنیاگری یەکەمدا کورد وەک نەتەوە ناوی هەبوو بەڵام خوی حازر نەبو و هیچ پلان و پرۆژەیەکی کوردی کە کوردەکان خویان دایانڕشتبی  لە ئاراد نەبوو.

لەگەل گەشەی بەرەی سوسیالیستی بەرەی سەرمایەداری کەوتە هەوڵدان بۆ ئەوەی دەستیان لە ناوچەکە و بەتایبەت ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوین نەبڕدرێ.

ئیتر دەوڵەت نەتەوەکان گرینگیان پێدرا و مافی چارەیخۆنوسین بو بە بڕیاری سەرکاغەز و لە ئاست گەلانی بندەست ولە ناویاندا گەلی کوردا بەکار بەهێندرا.

وەک لە بەشەکانی دیکە دا باسم کردوە شانسی سەرکەوتنی گەلان بەر لە دروست بونی بەرەی چەپ و ڕاست و هەروەها بەرهەمهێنانی چەکی مودێڕن، تانک و توپ و فڕۆکە زۆر زیاتر بوو. لەو قۆناغە مێژوویەدا واتە لە نێوان سەد ساڵی نۆزدە و بیستا گەلی کورد ئەیتوانی بە ئاسانی کیانێکی تایبەت بە خۆی بێنێتە ئاراوە، ئیتر دوای شەڕی یەکەمی دنیاگر و چڕ بوونەوەی ململانێی نێوان هێزە سەردەستەکان  ئەو شانسانە کەم بوونەوە و گەلی کوردیش خاوەن پلان و بەرنامە و تاکتیکی بە پێز و گرینگ نەبوو کە بتوانێ لە گۆڕەپانەکەدا یاری بکات، جیا لەوانەش گەلی کورد هیچ جۆرە داهێنانێکی زانستی نیە و نەبووە و لە گەشەی تکنولۆژیشدا بەجێماوە. لە بنەڕەتا گەلی کورد لە هەموو قوناغە مێژوویەکانا حازر نیە، یان لەگەل سەفویە یان لە بەرەی عوسمانی و ئەو ڕەوتە هەروا بەردەوام بووە تا بە ئەمڕۆ و تەنیا ناوی ئیمپراتور و دەسەڵاتەکان گوڕداون دەنا لە هەڵۆێست و هەڵس وکەتی گەلی کوردا گوڕانکاری بنەڕەتی نەهاتوەتە ئاراوە.

لەگەل هەڵگیرسانی شەڕی دووهەمی دنیا گرا ئیتر کۆمەڵێک گوڕانکاری گرینگ ڕویان دا و نەتەوەی بێ هێز وبێ پرۆژە پەراوێز خرا و جوگرافیاکان بە گوێرەی بەرژەوەندی هێز و هەروەها بە گوێرەی بەرژەوەندی زلهێزەکان دیاریدەکرا و دەوڵەت نەتەوەکان بە گوێرەی مەیل و ویستی بەرەی چەپ و راست دروست دەبون یان دەڕوخان.

بەرهەم هێنانی چەکی ناوکی لە لایەن ئامریکا ودواتر پەرەسەندن و ململانێی ئەو چەکە مەترسیدارە لەلایەن بەرەی سوسیالیستیەوە دنیای بەرەو لایەکیتر برد.

ئەو گەلانەی لە سەردەمی چەکی بڕنەو و کالیسکە دا نەگیشتنە ئەنجام لە سەردەمی چەکی ناوکی دا هیچ شانسێکیان  بۆ سەرکەوتن بۆ نەمایەوە.

دواتر دامەزراندنی ڕێکخراوی سەربازی ناتۆ لە لایەن ئامریکا و هاوپەیمانەکانی و هاتنە ئارای بەرەی سەربازی وەرشۆ لە لایەن یەکیەتی سۆڤیەت و دامەزراندنی دەوڵەت نەتەوەی جولەکە لە ئیسرائیل هەموو هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهانی سەرو بن کرد.

ساڵی ١٩٦٧ حکومەتی جولەکە کە خاوەن دەوڵەتێکی بچوک بو بۆ چەند ملیون کەس  لە جوگرافیایەکی بەرتەسکا توانی شکست بە ئەرتەشی وڵاتانی عەرەبی بێنێ و ئەوش دنیای توشی گەورەترین شۆک کرد و پەیامێکیش بوو بۆ ئەوەی بالانسی هێز بە جۆرێ گوڕاوە کە ئیتر چەکی مودێرن بڕیاردەرە نەک حەشیمەت و ژمارەی هێزی سەربازی.

کەواتە دەبێ ئێمە بە وردی بیر لەوە بکەینەوە هۆکاری سەرنەکەوتنمان وەک کورد تەنیا یەک و دوان نیە بەڵکو ئێمە هەموو کات بە جێماوین و ئەوەش وایکردوە کە پەرش و بڵاو بینەوە و لەجیاتی یەکگرتن بکەوینە بن کاریگەری و هەژمونی ئەم و ئەو.

کاتێک دنیا باسی چەکی ناوکی، فڕۆکەی مودیرینی شەڕکەر و ژێردەریایی و ئەو شتانەی دەکرد تازە ئێمە دەستمان بە کەڵاشینکۆف گەیشتبوو و هەتا ئەمرۆ  هەر لە کڵاشینکۆفا ماوینەتەوە و حکومەت و دەسەڵاتەکان گەیشتونەتە فڕۆکەی بێفڕکەوان، درۆن، لیزەر و تا دوایی.

بۆ ئەوەی بتوانین بە ئەنجامێک بگەین و پێش لە خەساری زیاتر بگرین باشترین چارەسەر ئەوەیە لە قوناغەکە تێگەین و لە جیاتی کلاشینکۆف  و ئەو هەمو حیزبەی هەمانە ڕێبازی تێکۆشان بگوڕین و جوڵانەوەیەکی بەرفروانی توڕەی ناڕزای لە سەرتاسەری کوردستان و جیهانا بێنینە ئاراوە.

ئەمڕۆ دنیا دنیای بازرگانی و سەرمایەداریە، جیهان لە چەند جەمسەریدایە و هەر جەمسەرەی هەوڵی دەستگرتن بەسەر بازاڕی وڵاتان دا دەدات و ئیتر مافی گەلان، ئازادی، دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ کەمڕەنگ بونەتەوە و کەس گرینگیان پێنادا.

 بەڵێ ئێمە وەک کورد لە کاروانی سەرکەوتنا بە جێماوین، قوربانیەکی بێژمارمان داوە، تێکۆشانێکی دور و درێژمان هەبووە، بەڵام بەردەوام لە قاچی خۆمان داوە و بێ ئەنجام ماوینەتەوە.

Related Articles

وەڵامێک بنووسە

Back to top button