لە نووسینی: ئارام ئیسماعیلی بە سۆئێدی
وەرگێڕان بۆ کوردی: عوسمان ئیسماعیلی “ئاشق”
کچه تاوێکی باش قسه‌ی کرد و دوایه بێده‌نگییه‌کی کڕ هاته پێش که ئەو سه‌ری لێی‌سوڕ ما، چونکە چاوه‌ڕوان بوو “سیمۆن” له به‌رامبه‌ر قسه‌کانی دا وه‌ڵامێک بداته‌وه. به‌ڵام سیمۆن له ته‌واوی ئه‌و ماوه‌یه دا هه‌ر چاوی بڕیبووه ئه‌و و بێده‌نگ بوو. ڕوانینه‌که‌ی بێ‌گیان بوو، له ڕوخساری دا بێهێزی ده‌خوێندرایه‌وه و ڕه‌نگی به ڕووانه‌وه نه‌مابوو.
سه‌ره‌نجام کچه‌که هەر بۆخۆی بێ‌ده‌نگیی شکاند:
ـ بۆ هیچ ناڵێی؟!بۆ وا بێده‌نگی؟! خۆ ئه‌و بێده‌نگی و ڕامانه‌ت له قسه‌کردن به ماناترن. سیمۆن ئه‌و ماتبوونه‌ت له ئه‌شکه‌نجه ناخۆشتره. تکایه زارت بکه‌وه و شتێک بڵێ!
ماوه‌یه‌کی دیکه‌ش هیچیان قسه‌یان نه‌کرد و پاشان کاتێک بێده‌نگییه‌که گه‌یشته ئه‌وپه‌ڕی قووڵایی خۆی، سیمۆن به ئارامی وه‌قسه هات. ده‌نگی کز و بێهێز و هه‌ر له‌وحاڵه‌ش دا لێبڕاو بوو:
ـ ڕۆژێک من فریشته‌یه‌کم هه‌بوو که له هه‌موو فریشته‌کانی دیکه جوانتر و نازدارتر بوو. ئه‌و فریشته‌یه دڵی منی له ده‌ریای ئه‌وین دا وه‌مه‌له خست. وای لێکردم که پێم‌وابوو خه‌مه بێ‌کۆتایییه‌کانی من بۆ هه‌تا هه‌تایه ده شه‌پۆلی شادی دا ون ده‌کا و ژیانی من بۆ به‌هه‌شتی واده‌پێدراو ده‌گوێزێته‌وه. ئێستا هه‌ر ئه‌و فریشته‌یه دڵی منی، به هۆیه‌ک که هه‌ر خۆی ده‌زانێ چی‌یه، شکاندووه. هه‌رئه‌و دڵه‌ی که خۆی له شووشه‌ی ناسکی ئه‌وین دروستی کردبوو.
ئێستا من ئه‌و پرسیاره له تۆ ده‌که‌م: بڵێی ڕۆژێک که‌سێک په‌یدا بێ که بتوانێ ئه‌و له‌توکوته شووشه شکاوانه‌ی دڵی من به یه‌که‌وه بنووسێنێته‌وه و دڵێکی ساغی وای لێ پێک بێنێته‌وه، که بتوانێ جارێکی دیکه خوێن به له‌شی من دا بڵاو بکاته‌وه؟
کچه‌کە ده‌ستی به گریان کردبوو و فرمێسکه‌کانی به سه‌ر گۆنایه‌وه ڕیزیان به‌ستبوو، به‌ڵام سیمۆن هه‌روا درێژه‌ی به قسه‌کانی ده‌دا:
ـ دیاره وه‌ڵامه‌که بێجگه له “نا” شتێکی دیکه نیه. ئه‌و دڵه هه‌رگیز وه‌ک خۆی لێ‌نایه‌ته‌وه، چونکه تۆ نه‌ک هه‌ر ئه‌و دڵه‌ت شکاند، به‌ڵکه پارچه‌کانیشیت وا تووڕ هه‌ڵدان که که‌س ناتوانێ بیاندۆزێته‌وه.
سیمۆن دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و قسانه‌ی به که دڵدارە جەفاکارەکەی گوت، هه‌ستا سه‌ر پێ و بێ ئه‌وه‌ی ته‌نانه‌ت یه‌ک جاریش ئاوڕ بداته‌وه دوای خۆی، له وێ دوور که‌وته‌وه. کچه‌که هه‌ر وا ده‌گریا، به‌ڵام هه‌ر له‌و کاته دا که خه‌م تا قووڵایی دڵی چووبوو، هه‌ستی به چه‌شنێک سووکبوون ده‌کرد، چونکه ئیدی داستانه‌که کۆتایی پێ‌هاتبوو).
“ئیدوارد” له‌و شوێنه ڕاوه‌ستا. ده‌یزانی چی دیکه‌ی درێژه پێ‌نادرێ. له جیاتییان ده مامۆستاکه‌یه‌وه ڕاما که به سه‌رسوڕمانه‌وه پێی وابوو ئه‌ویش وه‌ک هه‌موو خوێندکاره‌کانی دیکه تا ئێستا خه‌ریکی خوێندنه‌وه‌ی کتێبه‌که‌ی بووه.
پاشان ئیدوارد، وه‌ک جاران ، سه‌ری هه‌ڵێنا، ده میچی خانووه‌که‌وه ڕاما و بیری کرده‌وه:
“ئه‌گه‌ر منت خۆش‌ده‌وێ، بۆچی نامبه‌یه‌وه. من ده‌مه‌وێ له په‌نجه‌ره‌ی بەزەیی و جوانیی تۆوه بە هەرمان بگەم و ئه‌و شته ببینم که تۆ بۆ منت کردۆتە چارەنووس! ده‌مه‌وێ تۆ من به‌رییه‌وه، چونکه له قووڵایی ئێش و خه‌فه‌تێکی بێ‌کۆتایی دا خنکاوم و دڵی من وه‌ک ئه‌شکه‌وتێکی بێ بن، به‌تاڵ و کونه”.
ئیدوارد دوای ئه‌و ڕاز و نیازه له گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتداری ده‌سه‌ڵاتداران (خوا)، ویستی درێژه به نووسینه‌که‌ی خۆی بدا. ویستی وه‌ک خوێندکاره‌کانی دیکه خه‌ریکی جێبه‌جێکردنی ئه‌و ته‌کلیفه بێ، که مامۆستا بۆی دانابوون، به‌ڵام بیری خۆی بۆ کۆ نه‌بۆوه. نه‌یتوانی. هه‌روا به حاڵێکی په‌شێو و ڕوخسارێکی تێکچڕژاو و ڕاماوه‌وه، که مرۆڤی لێ‌ده‌سڵه‌مییه‌وه، مایه‌وه.
کاتێک ده‌رسه‌که ته‌واو بوو، مامۆستاکه، که مامۆستای زمان بوو، ویستی قسه‌ی له‌گه‌ڵ بکا. ئیدوارد ده‌یزانی که ئه‌و سه‌باره‌ت به ده‌رس و هه‌وڵ و تێکۆشانی له خوێندنگه دا پرسیاری لێ‌ده‌کا. ئه‌و له‌سه‌ره‌خۆ چوو بۆ لای مامۆستاکه که ناوی “خانمی ساندریوس” بوو و له به‌رامبه‌ری دانیشت. زۆر ئاسایی، وه‌ک ئه‌وه‌ی له ماڵێ له گه‌ڵی دانیشتبێ. مامۆستاکه چاوێکی لێ‌کرد و پاشان له ڕووی لاپه‌ڕه کاغه‌زێکه‌وه که به ده‌ستییه‌وه بوو، ده‌ستی به خوێندنه‌وه کرد:
ـ” خۆر به تیشکه هه‌میشه زیندووه‌کانییه‌وه له سه‌رمان ده‌دره‌وشێته‌وه و خۆشی و شادیمان پێ‌ده‌به‌خشێ، به‌ڵام کاتێک دره‌وشانه‌وه‌ی ده‌گاته ئه‌وپه‌ڕی خۆی، ده‌بێ ئێمه وشیاری خۆمان بین، چونکه دوور نیه به گه‌رما‌که‌ی که ئه‌وجار خۆی ده‌گه‌یه‌نێته ئه‌وسه‌ری ده‌ماره ورد و درشته‌کانی له‌شمان، بمانسووتێنێ و بمانکاته خه‌ڵووز“.
هه‌ر که خانمی ساندریۆس ده‌ستی به خوێندنه‌وه‌ی تێکسته‌که کرد، ئیدوارد زانی که ئه‌و یه‌کێک له‌و لاپه‌ڕه کاغه‌زانه‌ی دۆزیوه‌ته‌وه، که زمانی حاڵ و ئاوێنه‌ی بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌ون.
ـ ده‌توانی پێم بڵێی مانای ئه‌و نووسراوه‌یه چی‌یه؟
دڵی ئیدوارد که‌وته لێدانێکی توند و سه‌رتاپێی له‌شی وه‌له‌رزین که‌وت. هه‌ناسه‌یه‌کی قووڵێ هه‌ڵکێشا، که خانمی ساندریۆس به باشی گوێی لێ بوو. پاشان به ده‌نگێکی دوودڵ و سه‌بر ده‌ستی به قسه‌کردن کرد:
ـ من ئه‌وه‌م هه‌روا… له خۆڕا نووسیوه و نازانم یانی چی!
ئه‌ڵبه‌ت خانمی ساندریۆس باوه‌ڕی به‌و خوێندکاره مێرمنداڵه‌ی که وه‌ک ماری ترسا‌و خۆی کۆ کردبۆوه و نه‌یده‌ویست له‌و باره‌وه بدوێ، نه‌کرد. ئه‌وه‌ی زۆرتر ئه‌وی هان ده‌دا که وه‌دوای پێو‌شوێنی حاڵی ئیدوارد بکه‌وێ و پرسیاری لێ‌بکا، ئه‌و به‌شه‌ی تێکسته‌که بوو که ڕه‌شترکرابوو، زه‌ق کرابۆوه و زۆریش جوان بوو. ده‌یه‌ویست بزانێ به‌ڕاستی ئیدوارد که سه‌رانسه‌ری ئه‌و نیوه‌ساڵه‌ی خوێندن، هه‌میشه بێده‌نگ و مات بووه و خه‌مبار هاتۆته به‌رچاو، حاڵی باشه و پێویستیی به یارمه‌تی نیه؟!
ئیدوارد هه‌ستا و ڕۆیی. که گه‌یشته ده‌ره‌وه‌ی ژوورەکە، هه‌ناسه‌ی قه‌دیس ماوی نێو سینگی دا ده‌رێ.
هه‌ر له کاتی ده‌رسه‌که دا ئیدوارد بڕیاری دابوو، دوای ته‌واوبوونی ئه‌و سه‌عاته ده‌رسه بچته کتێبخانه‌ی خوێندنگه و درێژه به نووسینه‌که‌ی بدا. ئێستاش هه‌ر وای کرد. به‌ڵام کاتێک له کاغه‌زه‌کانی گه‌ڕا، نه‌یدۆزینه‌وه. ورده ورده په‌رێشان بوو. ئه‌و کاغه‌زانه بۆ ئه‌و زۆر به نرخ بوون. نه‌یده‌زانی چی لێ‌کردوون. له خۆی ناڕه‌حه‌ت بوو و لۆمه‌ی خۆی ده‌کرد که بۆ ده‌بێ هێنده فه‌رامۆشکار و شپڕێو بێ!
له به‌ختی به‌د، خانمی ساندریۆس که هێشتا له ژووری پۆله‌که‌ی مابۆوه، چاوی به‌و کاغه‌زانه که‌وتبوو که کورته‌چیرۆکه ناته‌واوه‌که‌یان لێ‌نووسرابۆوه و له ژێر مێزه‌که‌ی ئیدوارد که‌وتبوون. هه‌روا له ڕووی کونجکاوییه‌وه خوێندبوونییه‌وه و پاشان هاتبووه ده‌رێ و به دوای نووسه‌ره‌که‌یان دا ده‌گه‌ڕا.
ئیدوارد که هێشتا هه‌ر له کتێبخانه‌که دانیشتبوو، دوای ماوه‌یه‌ک بیرکردنه‌وه هاته سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه که ده‌بێ کاغه‌زه‌کان هه‌ر له ژووری ده‌رس‌خوێندن به جێ‌مابن و ڕاست له‌وکاته دا که ده‌یه‌ویست هه‌ستێ بچێته‌وه ئه‌وێ و بیانهێنێته‌وه، خانمی ساندریۆسی دیت که به هه‌نگاوه ورد و پته‌وه‌کانی وه‌ژوور که‌وت. ئیدوارد دانیشته‌وه، چونکه ده‌سبه‌جێ زانی که ئه‌و نووسراوه‌که‌ی دیتۆته‌وه و هاتوه بیداته‌وه. خانمی ساندریۆس له به‌رامبه‌ری دانیشت و زۆر له سه‌ره‌خۆ و ئارام گوتی:
ـ ئه‌و کاغه‌زانه‌ت لێ‌به‌جێ‌مابوون.
ـ گه‌لێک سوپاس که هێناوتنه‌وه.
پاشان خانمی ساندریۆس چاوێکی له ئیدوارد کرد و به تێڕوانینێکه‌وه که له به‌ر چاوی ئیدوارد جیاواز له کاتی ئاسایی بوو، گوتی:
ــ ئیدوارد؛ ئه‌وه‌ی تۆ لێره نووسیوته، زۆر باشه. من نه‌مده‌زانی تۆ ده‌توانی شتی ئاوا بنووسی! من ده‌مدی تۆ بێده‌نگ بووی و هه‌ر له ده‌روونی خۆت دا ده‌ژیای. ئاکام و پله‌ی باشیشت له تاقیکردنه‌وه‌کان دا نه‌هێناوه‌ته‌وه، به‌ڵام ئێستا که ئه‌و کورته‌چیرۆکه ناته‌واوه‌ت ده‌بینم، وه‌ڵامی زۆر پرسیارم سه‌باره‌ت به تۆ وه‌ده‌ست‌که‌وتوه.
ئیدوارد نه‌یده‌زانی چ بکا یان چ بڵێ. بیری کرده‌وه: “به راستی ئه‌و ده‌زانی بۆچی؟! به‌ڵام ئه‌گه‌ر بشزانێ، خۆ من له ڕووم هه‌ڵنایه باسی ئه‌و هۆیه‌ی له لا بکه‌م و له‌و باره‌وه بدوێم. مرۆڤ شتی وا ڕه‌نگه له لای دۆست و هاواڵانی باس بکا، به‌ڵام له لای مامۆستای خۆی نا”.
خانمی ساندریۆس درێژه‌ی به قسه‌کانی دا:
ـ پێش ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌سه‌رهاته‌ت له گه‌ڵ ئه‌و کچه بۆ بێته پێش، ده‌تتوانی ئاوا بنووسی؟
ئیدوارد پێی خۆش بوو یه‌کجێ هه‌ستێ له‌وێ بڕوا و وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره ناخۆشانه‌ی خانمی ساندریۆس نه‌داته‌وه، به‌ڵام بێ ئه‌وه‌ی بۆخۆی بیه‌وێ، وه‌ڵامی دایه‌وه و به ده‌نگێکی له‌رزۆک گوتی:
ـ نا، نه‌مده‌توانی خانمی ساندریۆس!
ـ که‌وابوو چیدی ده‌ربه‌ستی ئه‌و کچه مه‌به و ته‌نانه‌ت له ڕوانگه‌یه‌کی باشیشه‌وه چاو له‌و ڕووداوه بکه!
ئیدوارد له‌و قسه‌یه سه‌ری سوڕ ما، “چ لایه‌نێکی باش ده‌توانێ ده‌و به‌سه‌رهاته دا که ناخۆشترین ڕووداوی تا ئێستای ژیانیه‌تی، هه‌بێ؟!”
خانمی ساندریۆس درێژه‌ی به ئامۆژگارییه‌کانی دا:
ـ ئه‌تۆ شتێکی به نرخت وه‌گیر که‌وتوه که زۆر که‌سی دیکه نییانه. ئه‌وه‌ش به‌رهه‌می ئه‌و ڕووداوه‌یه. نووسین له ئاستێک دا که زۆر که‌سی دیکه ده توانایان دا نیه، شتێکه که تۆ بێ‌گومان ده‌بێ شانازیی پێوه بکه‌ی ئیدوارد! من زۆرتر له‌وباره‌وه نادوێم و دڵنیا به ئه‌و به‌سه‌رهاته‌ش بۆ که‌سی دیکه ناگێڕمه‌وه.
خانمی ساندریۆس چی دیکه‌ی نه‌گوت، ته‌نیا خواحافیزیی لێ‌کرد و گه‌ڕایه‌وه بۆ ژووری ده‌رسگوتن.
دوای ڕۆیشتنی ئه‌و له کتێبخانه‌که، ئیدوارد هه‌ر دانیشت و بیری کرده‌وه. هه‌ستی کرد شێوه‌ی بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌وجاری جیاوازیی هه‌یه. دوای ماوه‌یه‌ک ، وه‌ک جاران( که له‌مێژ بوو پێی ڕاهاتبوو) سه‌ری هه‌ڵێنا و له گه‌ڵ که‌سی بێ‌که‌سان که‌وته وتووێژ:
“ترووسکه‌ی ڕووناکایییه‌ک له ژیانی من دا هه‌یه که له ده‌روونی سووتاوی منه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه. ئه‌و ڕووناکایییه له به‌رامبه‌ر ڕووداوێکی ناخۆش دا خۆی ده‌رخست. به ڕاستی سه‌یره! چاره‌نووس ده‌توانێ ئاوا هه‌ڵسوکه‌وت له گه‌ڵ ژیانی ئێمه بکا“.
هه‌ر دوای ئه‌و ڕاز و نیازه‌ش په‌ڕه کاغه‌زێکی هه‌ڵگرت و ده‌ستی به نووسین کرد:
“وشه‌یه‌کی وا نادۆزمه‌وه بتوانم هه‌ستی خۆمی پێ ده‌ربڕم. فرمێسکیشم هێنده نه‌ماون، که بڵێم به‌سه، چیدی مه‌رژێنه‌خوار! من خه‌مبارترین پیاوی دنیا نیم، به‌ڵام بۆچی، له دنیای خۆم دا خه‌مبارترینم.
کوانێ ئه‌و گوڵه جوانه‌ی که من چاوه‌ڕوان بووم هه‌تاهه‌تایه بۆنی بکه‌م، یان هه‌رنه‌بێ چاوی لێ‌بکه‌م؟ من هه‌رگیز ناتوانم جارێکی دیکه بی‌بینمه‌وه، چونکه یه‌کێکی دیکه چنیویه‌ته‌وه“.
کاتێک ئیدوارد ئه‌وه‌ی نووسی و بیری لێکرده‌وه، تێگه‌یشت که به قه‌ڵه‌مێک و په‌ڕه‌کاغه‌زێک ده‌توانێ چ شتێکی جوان و گرینگ بکا. ئیدی دانیشت و سه‌رانسه‌ری ئه‌و دوانیوه‌ڕۆیه درێژه‌ی به نووسین دا. ئه‌و لایه‌نه باشه‌ی که مامۆستاکه‌ی باسی کردبوو و به ڕاستیش پێویستیی پێی هه‌بوو، هاتبووه نێو ژیانی ئه‌وه‌وه و به چاکی هه‌ستی پێ‌ده‌کرد.