داهاتوویەکی سەیر و سەمەرە
لە نووسینی: گۆران ئەمیری
ماوەیەک لەمەوبەر لە مێدیا گەورەکانی جیهان بڵاوکرایەوە کە”کۆمپانیای ئەمریکی ئیلۆن ماسک” بۆ چاندنی چیپێکی زیرەک لەمێشکی مرۆڤدا کە لە یەک میلیم چووکترە، ئیزنی یاسایی وەرگرتووە. ئیلۆن ماسک ئەرکی جێبەجێ کردنی ئەو پڕۆژەیەی بەیەکێک لە کۆمپانیاکانی خۆی بەناوی( Neuralink) ئەسپارد.
ئەم ئامێرە ورده، چیپێکی زیرەکی دەستکردە کە سەرەتا بۆ تاقیکاری لەسەر مێشکی چەند ئاژەڵێ وەک مەیموون و ورچ جێگیر کرا.
لە ئەنجامی جێگیرکردنی ئەم ئامێرە لە سەر مێشکی مەیموونێک، بە بێ یەک و دوو، توانی بەزمانی ئینگلیسی دەیان و سەدان لاپەڕە تایپ و لەسەر ناوەڕۆکی چیپەکە شیکاری بکات و زانیاری بدات. هەروەها لەو ماوەیەشدا هەست و ویستەکانی خۆی وەک “برسیمە” و “پێویستم بە ئاو و خواردنە” یان شتی هاوشێوەی دیکە دەرببڕێ.
کارتێکەری ئەم ئامێرە لەسەر ورچێکیش بەبێ ئەوەی پێشتر لەژێر چاودێری ڕاهێنەرێکی تێنسدا ڕاهێنانی پێکرابێت توانیوێتی یاریی تێنس فێر بێت و سەرکەوتووانە ئەنجامی بدات.
دوای تاقیکاری له سهر ئاژەڵان ئەمجار لە سەر دەماری گەورەی بڕبڕەی پشتی کەسێکی شەلەل چیپێک چێندرا. ئەم چیپە توانی بە سازدانی پردی پەیوەندی لە نێوان دەمارەکانی بڕبڕەی پشت و مێشک، تەندروستی خۆی وەدەست بهێنێتەوە و بەبێ بەربەست پیاسە و هەستان و دانشتنی ئاسایی بکات.
لە ئازموونێکی دیکەدا بە یارمەتی چاندنی ئەم چیپە، بینایی پیاوێکی زگماک نابینای وەگەڕ خستەوە و توانی بە باشی لە شتەکانی دەوروبەری خۆی بڕوانێ و بیان بینێتەوە.
بە ئەگەرێکی زۆرەوە، لە ماوەیەکی زۆر کورتدا، ڕەنگە ئەم ئامێرە بە نرخێکی گونجاو وەبەردەستی بەکارهێنەران بکەوێت و وەک موبایلی زێرک گەورە و چووکە ببنە خاوەنی. بێگومان ئەم دیاردەیە دەبێتە هۆکاری ئاڵوگۆڕ و پەرەستاندنێکی خێرا و سەرسووڕهێنەر لە ژیانی دانیشتووانی هەسارەی زەویدا.
بە پێی لێکدانەوەی شارەزایانی بۆاری زانستی، دەرکەوتووە کە ئەم پەرەستاندنە،
مرۆڤ دەگەیەنێتە قۆناغێکی نوێ. لە بەراوردکردنی لەگەڵ قۆناغی بەر لەم داهێنانە، مرۆڤ بە ملیۆنان یان تەنانەت ملیاردها ساڵ بەرەوپێش دەچێت .
لە ئەنجامی ئەم دیاردە سەرسوڕهێنەرە، لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا، ئيتر مۆبایل و کۆمپیوتێر باوی نامێنێت،زانستی پزیشکی و تەندروستی و دەرمان لە زۆربەی بوارەکانیدا بە شێوەیەک پێشدەکەوێت کە لە خیاڵی مرۆڤەکانی ئەمڕۆدا ناگونجێت .
قوتابخانە و زانکۆ و ناوەندە پەروەردەییەکان زۆر بچووک و سنووردار دەبن و رەنگە ئەگەر بە تەواویش هەڵنەوەشێنەوە گرنگی و بایخیان زۆر کەم دەبێتەوە، چونکە بە چاندنی چیپێک لە مێشکی مرۆڤدا، لە ماوەی چەند لە سەدی چرکەیەکدا، دەتوانێت بە هەر زمانێک کە بییەوێت بدوێ و قسە بکات، کێشە بیرکاری و زانستییە ئاڵۆزەکان کە پێویستیان بە کاتی چەند مانگ و چەند ساڵ بیرکردنەوە هەیە لە کەمتر لە چرکەیەکدا چارەسەر بکرێن.
ئیتر پێویست ناکات مرۆڤ ڕاوێژ بە پزیشک یان پارێزەر و….. بکات، خۆی دەتوانێت لە هەر زانستێکدا ڕێگای چارەسەری بدۆزێتەوە و شیکارییەکی زۆر ورد و دوور لە هەڵە بۆ گشت؛ بەربەستە زانستیەکان بخاتە بەردەست.
لە دۆخێکی وادا مرۆڤ چیتر پێویستی بە قسەکردن یان نووسین یان خوێندنەوە نابێت، بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری لە هەر شوێنێکی جیهان لە ڕێگەی زیرەکی دەستکردەوە دەتوانێت کێشەکانی خۆی چارەسەر دەکات .
لە داهاتوویەکی نزیکدا گەلێک لەو بەرهەمانەی کە هەنووکە لە برەودان، نامێنن و شۆڕشێک لە ژینگە مرۆڤدا ڕوو دەدات کە شێوەی ژیانی ئەمڕۆیی مرۆڤەکان به گشتی لە ئەنجامی ئەم گۆڕانکارییە گەورەیەدا، وەهای لێدێت کە مرۆڤەکان دەچنە ناو
شارستانیەتێکی نوێ و گەورە و رەهاوە، ئەم شتانەی ئێستا هەمانە گشتی تێیدا دەچن و نامێنن.
لە ئایندەیەکی نزیکدا هيچ شتێک بە ناوی زمان و نووسین نامێنێت و شێوازی ئاڵوگۆڕی زانیاری لە نێوان مرۆڤەکاندا دەگۆڕدرێت. لە شارستانییەتی داهاتوودا ئۆڵ و ئایین بۆ مرۆڤ هیچ مانا و واتایەکی نامێنێ، سۆزداری و هەست و پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان گۆڕانکارییەکی گەورەیان بەسەردا دێت و شێوازی زاوزێی مرۆڤیش دەگۆڕدرێت.
ڕەنگە، بەم گۆڕانکارییە گەورەیە، مرۆڤەکان لە هەسارەی زەوی بۆ هەسارە ئاوەدانەکانی دیکە کۆچ بکەن. پێش بینی دەکرێت لە داهاتوویەکی زۆر دووردا زەوی وەک کەلاوەیەکی لێبێ کە بەس پەپوو و کوندەبووی لێ بخوێنێت .
سەرچاوە Dagens Medicin
12/11/2024
گۆران ئەمیری