زانستیلێکۆڵینەوە

کوردەکانی ئەردەن

نووسەر: سابیر گوڵ ئەنباری

وەرگێڕ: گۆران ئەمیری

پێشەکی

بە پێی ئامارێک کە لە مێدیاکانی باشوری کوردستان بڵاو کرایەوە وێدەچێ ژمارەی دانیشتوانی کورد لە چوار بەشەکانی کوردستان و لە وڵاتە جۆراوجۆرەکانی جیهان زیاتر ٧٠ میلیون کەس مەزەندە بکرێ. ڕەنگە باسی کوردانی ئاسیای ناوەنی( ولاتانی سۆڤیەتی کۆن) و ئیسرائیل زۆر کرابێت بەڵام بەدەگمەن زانیاری لەسەر شێواز ژیان و ڕادەی دانیشتوویانی کوردی هیندوستان و پاکستان و سومالیا و …… ئەردەن هاتۆتەوە ئاڕاوە. ئەم بابەتەی خوارەوە کە لەسەر دانشتوانی کوردی وڵاتی ئەردەنە، لە لایەن دۆستی بەڕێزم کاک موهەندیس کاوە پیرانەوە بە زمانی فارسی پێگەیشت. بڕیارم دا وەرگێڕمە سەر زمانی کوردی.

کوردەکانی ئەردەن!

ڕەنگە ئەم ناونیشانە(کوردەکانی ئەردەن) کەمێک سەیر و نامۆ بێت؛ چونکە بە دەگمەن لە دانیشتوویانی کوردی وڵاتی ئەردەن باس هاتۆتە ئاراوە . مێژووی پەڕەوازە بوونی کورد بۆ شانشینی ئەردەن دەگەڕێتەوە بۆ نۆسەدساڵ بەر لەئێستا، بۆ سەردەمی شەڕی خاچپەرستەکان و دەسەڵاتی ئەیوبیەکان . سەرەتا لە شارەکانی سالت و کەرک نیشتەجێ بوون و دواتر بە هەزاران کورد کە لە خزمەت هێزەکانی عوسمانیدا بوون، لە بیست و سییەکانی سەدەی ڕابردووش، کوردە ئاوارەکانی تورکیا ، و گەلێک کاسبکار و کۆچبەری کورد لە دیمەشقەوە هەر وەها کوردانی دانشتوو فەلەستین کە لە دوای ساڵی ١٩٤٨ و شەڕەکانی ساڵی ١٩٦٧ ئاورەببوون، وردە وردە لە شانشینی ئەردەن خۆیان گرتەوە و ژمارەی دانیشتووانی کورد لەم وڵاتە ڕووی لە زیاد بوون کرد

. هەتا ئێستا ئامارێکی ورد لە ژومارەی کوردانی ئەردەن بوونی نییە ، بەڵام سەرچاوە جۆراوجۆرەکان ژمارەی دانیشتووانی کورد لە ٥٠ بۆ ١٠٠ هەزار کەس مەزەندە دەکەن. لە نێو هۆزە کوردەکانی ئەردەن هۆزی “ئەلکوردی” زۆر بەناوبانگە و تەخمین لێدەدرێ ژمارەی ئەندامانی ئەم هۆزە بگاتە ٣٠ هەزار کەس. لە شاری سابات لە ڕۆژئاوای ئەردەن، گەڕەکێک هەیە بە ناوی “ئەلئەکراد” کە زۆربەی دانشتوانی کوردن، لە زۆر لە کتێبە مێژووییەکان و سەفەری گەڕۆکە ڕۆژئاواییەکانیشدا ئاماژەی پێکراوە. کورد تەنیا لە شارەکانی سابات و کەرک ناژی، بەڵکو لە عەممانی پایتەختی ئەردەن و شارە گەورەکانی دیکەی وەک زەرقاش دەژی. هەتا ئێستاش بەتەواوی پارێزگاریان لە کولتور و ڕەسەنایەتی خۆیان کردوە، بۆ وێنە، گشت ساڵێک ئاهەنگی نەورۆز پیرۆز دەکەن. بەڵام بە تێپەڕبوونی زەمان ژمارەیەکی بەرچاویان زمانی دایکی خۆیان لەبیر کردووە و ئاوێتەی خەڵکی عەرەب بوون، لێ لە چەند دەیەی ڕابردوە نوخبە کوردەکانی ئەردەن بۆ زیندووکردنەوە و بووژاندنەوەی زمانی کوردی هەوڵی زۆریان داوە. بەشێکی زۆریان لە بۆنە تایبەتەکان و ئاهەنگەکانی نەتەوەیی و کوردیدا بە جلوبەرگی کوردییەوە دەردەکەون. هەڵپەڕکێی کوردی کە لێکچوونێکی زۆری لەگەڵ سەمای فەلەستینی” دابکێ “هەیە، هێشتا بەهێزەوە درێژەی هەیە . گرووپی هەڵپەڕکێی کوردی “شامس ئەلئەکراد” یان “کوردی ڕوژ” لە بۆنە جۆراوجۆرەکانی ئەردەن بەشداری دەکەن و لەم وڵاتەدا ناوبانگی باشیان دەرکردوە . کوردانی ئەردەن ئەمڕۆ چەندین ڕێکخراوی ناحکومی تایبەت بە خۆیان هەیە وەک “کۆمەڵەی ڕۆشنبیری ئەردەنی کورد” کە ساڵی٢٠١٢ دامەزراوە و “کۆمەڵەی کوردی خێرخوازی سەلاحەدین” (لە ساڵی ١٩٧٠ دامەزراو)، هەر هەموو ئەم گرووپانە لە نێو کوردانی ئەردەندا خەریکی کاری ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتین. بە هۆی بڵاوبونەوەی دانیشتوانی کورد لە شارە جیاوازەکانی ئەردەن وئاویتە بوونیان لەگەڵ عەرەبی وڵاتەکە تا ئێستا نەیانتوانیوە لە پاڕڵمانی ئەم وڵاتە نوێنەریان هەبێت.

لە وڵاتی ئەردەن کورد وەک نەتەوە دانپێنراو نییە و ڕەنگە هۆکاری ئەمەش کەمی دانیشتوان یان جۆرێک لە ئاسمیلەکردن بێت. سەرەڕای ئەوەش، کوردانی ئەم شانشینە هێشتا ڕەسەنایەتی خۆی و هێما دیارەکانی کولتوورەکەی لەم کۆڵگایەدا بە باشی پاراستووە .

لە نێو کەسایەتییە بەرچاوە کوردەکانی ئەردەنی دەتوانین ئاماژە بە “زیائەدین محەمەد هەکاری سالتی” و “فەقێ شەهابەدین بن سلێمان کورانی” بکەین. ساڵانی دواتر شێخ زیائەدەین بە یەکجاری بۆ قودس کۆچی دەکات و لەم شوێنە پیرۆزە نەوەکانی شێخ بۆ ماوەیەکی درێژ پێشنوێژ و بەڕێوەبەری نوێژی بە کۆمەڵ بوون. بەو هۆیەوە لە مزگەوتی ئەقسا کە یەکەم قیبلەی موسڵمانان بوو نازناوی “ئیمام”یان پێدرا. دوای سەربەخۆیی ئەردەن لە ساڵی ١٩٤٦، کوردانی ئەم وڵاتە ڕۆڵێکی کارایان لە بنیاتنانی ئەردەندا بینیوە و چەندین کەسایەتی ئەدەبی، سیاسی، فەرهەنگی و ئایینی لە نێویاندا سەریان هەڵداوە.

هەر لە دەستپێکیەوە بەشێکی زۆر لە کوردەکان روویان لە کاری سەربازی کرد، دواتریش لە سوپای ئەردەندا لە پلەی جۆراوجۆر دادەمەزران. کوردەکان لە مێژووی دامەزراندنی سوپای ئەردەن، ڕۆڵێکی بەرچاویان گێڕاوە . کاتێک عەبدوڵا کوری حسێن دامەزرێنەری ئەردەن لە ساڵی ١٩٢٠ گەیشتە عەمان، لەلایەن دوو ئەفسەری کورد بە ناوەکانی “خەلیل بەکر زازا” و” نورەدین بەرزنجی” پێشوازی لێکرا و کاتێکیش دەچێتە پێتەخت لەلایەن چەند کەسایەتییەکی بەناوبانگی دیکەی کورد وەک” سەیدۆ کوردی” ، “عەلی کوردی” ، و “ڕەشید مودافی” ، لە سەرکردەکانی شۆڕشی عەرەبی دژی عوسمانییەکان پێشوازی لێکرا. عەبدوڵڵا کوری حسێن کاتێک ویستی سوپایەکی نیشتمانی دابمەزرێنێت، هەمان خەڵکی بەکارهێنا.

هەروەها لە بواری سیاسیشدا پۆست و پلەی باڵایان بەدەستهێنا، لەوانەش سەعد جومعە کە نووسەر و کەسایەتییەکی ناوداری ڕۆشنبیری بوو، ناوبراو لە ساڵی ١٩٦٧ەوە دوو جار گەیشتە پۆستی سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکە. سیاسەتمەدارانی دیکەی کوردی ئەردەن کە دەکرێ ئاماژەیان پێ بکرێ بریتین لە سەیدۆ کوردی، ئەحمەد کوردی، عەلی کوردی، مەدحەت جومعە، سەعد ئەلدین جومعە، خەیر ئەلدین زەرکەلی، بەرپرسی نووسینگەی چەند سەرۆکوەزیران، ڕەشید مودافی، وەزیری ناوخۆ و بەرگری، سەلاح جومعە، وەزیری کشتوکاڵ، و یوسف مێنتی، وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی ، ئەشرەف کوردی، وەزیری تەندروستی. لە بواری ئەدەبی و ڕۆشنبیری و هونەریدا ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبووە و لە کەسایەتییە کاریگەرەکانیشدا دەتوانین ئاماژە بە عەبدولڕەحمان کوردی بکەین کە دامەزرێنەری یەکەمین دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە لە ئوردن لە ساڵانی ١٩٥٠ و بڵاوکەرەوەی یەکەمین گۆڤار بە ناوی “ئەردەنی نوێ”، ئیبراهیم کوردی و زیاد کوردی دوو دەرهێنەری بەناوبانگی کوردن. یەکەمین کتێب کەلە مەڕ کوردانی ئەردەن لە ساڵی ٢٠٠٤ لە ژێر ناوی “کوردەکانی ئەردەن و ڕۆڵیان لە بنیاتنانی ئۆردەنی نوێدا” لە نووسینی محەمەد عەلی سۆڤیرکی کوردی چاپ و بڵاوکرایەوە.

15/12/2024

Related Articles

وەڵامێک بنووسە

Back to top button