
عه‌بباسی تۆفیق به فارسی نووسیویه‌تی
“عوسمانی ئیسماعیلی (ئاشق)” کردوویه‌ته کوردی
“عەبباس تۆفیق”، سه‌رنووسه‌ری ڕۆژنامه‌ی ته‌نزی به‌ناوبانگی “توفیق”، ئه‌و کورته چیرۆکه ته‌نزه‌ی چەند ساڵێک پێش شۆڕشی١٩٧٩ی ئێران نووسیوه. زۆر دواتر من وه‌رمگێراوه و له ژماره ٦ی گۆڤاری ٢٦ی سه‌رماوه‌ز، ده‌وره‌ی دووهه‌م، هاوینی ساڵی٨٩ ی زاینی دا چاپ کراوه. تۆفیق له‌و چیرۆکه دا دیارده‌ی به‌رتیلخواردن له نێو ده‌زگای ئیداریی گه‌نده‌ڵی ئه‌و سه‌رده‌مە دا ده‌داته به‌ر ڕه‌خنه.
وه‌ک ده‌زانین ئێستاش، له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی دا، وه‌زعه‌که به گشتی و به تایبه‌ت له‌و باره‌وه، له‌و کات نەک هەرباشتر نیه، بەڵکوو زۆر خراپتریشە، بۆیه ئێستاش ئه‌و کورته ته‌نزه له گه‌ڵ ده‌رد و که‌ماسییه‌کانی کۆمه‌ڵی ئێمه نامۆ نیه.
سه‌وه‌ڕ تازه بێده‌نگ ببوو. ته‌زوویه‌کی سارد هه‌ست پێده‌کرا و جاروبار تاکسییه‌ک به چه‌ند موسافیری سه‌رخۆشه‌وه به شه‌قام دا تێده‌په‌ڕی.
“ئه‌سغه‌ر جه‌للاد”، پاسه‌وانی پۆستی “مه‌یدانی شاپوور” به کڵاوه سورمه‌یی و ده‌ره‌جه پانه به سامه‌که‌ی سه‌رشانییه‌وه، له حاڵێک دا له داخی کێشککێشانی شه‌وی رابردوو و شه‌ونخوونیی تا به‌یانی، به تووڕه‌یییه‌وه لاقی دهعهرزی ده‌کوتا، قوفڵی دوکانه‌کانی به تاقی ده‌کرده‌وه.
تازه وڵات ڕووناک ببوو. شه‌قام ورده ورده قه‌ره‌باڵغ ده‌بوو و ئه‌سغه‌ر جه‌للادیش که ده‌یزانی ده‌بێ تا لای نیوه‌ڕۆیە له سه‌ر پۆست بمێنێته‌وه، ناڕه‌حه‌ت و ناقایل بوو، به تایبه‌ت ئه‌وه‌ی بۆ ناخۆش بوو که کێشکی شه‌وانه هیچ “خێر و به‌ره‌که‌ت”ێکی تێدا نه‌بوو.
له پڕ ده‌نگی ڕاچله‌کێن و ترسێنه‌ری تۆرمز”ستۆپ”گرتنێکی کت‌وپڕ بیسترا. ماشینێکی سێ ڕه‌نگ، له نێوه‌ڕاستی جاده‌که پیاوێکی هێلکهفرۆشی به قه‌رتاڵه هێلکه‌وه، دوو میتر فڕێ‌دا ئەولاتر و… ئاغای به‌ڕیوه‌به‌ری گشتی که مه‌ست و خه‌واڵوو له گه‌ل خانمه سێکرێتێره جوان و دڵڕفێنه‌که‌ی له گه‌ڕان و ڕابواردنی شه‌و ده‌گه‌ڕایه‌وه، به چاوی سوورهه‌ڵگه‌ڕاوه‌وه له ماشێن ده‌رپه‌ڕی.
ــ … وه‌ی وه‌ی ئه‌ی هاوار پشتم شکا! سه‌گباب … بۆچما کوێری؟!
ــ ئه‌ی هاوار … خۆ … خۆ..
ــ خۆ و ژه‌هری مار، خۆ چی؟
ــ خۆ من تاوانم نیه. … ئێوه منتان نه‌دی!
ــ پیاوی گه‌وج، ئه‌تۆ ئه‌و ماشێنه زله‌ی منت نه‌دیتووه، چاوت له‌وه‌یه که من، تۆ، واته بسته بنیاده‌مێک، ببینم؟
ده‌نگ ههڵدینێ:
ــ ئه‌رێ پاسه‌وانی پۆستی ئێره کێیه؟ با بێ بزانم!
ئه‌سغه‌ر جه‌للاد چاوی به ژماره‌ی ماشێنه سێڕه‌نگه‌که ده‌که‌وێ و به ڕاکردن ده‌چیته پێش:
ــ به‌ڵێ جه‌نابی به‌ڕێوه‌به‌ر، نۆکه‌ری خۆت ئه‌سغه‌ر ده خزمه‌تت دایه!
ــ به‌و گه‌وجه‌ی بڵێ گۆڕی گوم کا، به‌یانییه‌ک نه‌بوو ئه‌و حهمباڵانه تووڕه‌م نه‌که‌ن.
ــ به سه‌رچاو قوربان!
ئه‌و جار ڕوو ده‌کاته کابرا:
ــ هه‌سته سه‌گباب، جا چاو، وه‌ڵڵا پێیوایه کارێکی باشیشی کردوه، له قه‌ستی خۆی ده‌مرێنێ. هه‌سته یاڵڵا زووکه… (ڕاده‌کاته قه‌رتاڵه هێلکه‌که، که هێندێکی تێدا ماون و شه‌قێکی لێده‌دا)
ــ بۆ وا ده‌که‌ی؟ بۆ جنێوان ده‌ده‌ی؟ له کوێی قانوون دا نووسراوه وه‌به‌ر ماشینم دهن و دوایه‌ش جنێوم پێبده‌ن؟
ــ به‌ڵێ؟! قانوون؟! ئای ئای غه‌ڵه‌تی چۆن ده‌کا؟ … له‌عنه‌ت له بابی ئه‌و که‌سه‌ی ئێوه‌ی ئاوا بێحه‌یا کردوه. هه‌سته گۆڕت گوم که! …
له‌قه‌یه‌ک ده که‌له‌که‌ی کابرای ده‌کوتێ و ههڵیدهستێنێ:
ـ چاو… سه‌گباب سه‌رتاپێی له‌شی پهنابادێک(١) ناهێنێ، که چی ده‌یه‌وێ خۆی وه‌به‌ر ماشێنی په‌نجاهه‌زار تمه‌نیی(٢) ئاغای به‌ڕێوه‌به‌ری گشتییش بدا! کێ ئێوه‌ی ئاوا له‌خۆبایی کردوه؟ هه‌ر جارێ ئه‌وه‌نده‌م پێبڵێ به چ حه‌قێک چوویه نێوه‌راستی شه‌قامێک که ماشێنی سێڕه‌نگی پێدا تێپه‌ڕ ده‌بێ، ها؟!
ئه‌و جار ڕوو ده‌کاته ئاغای به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی و به نیشانه‌ی ڕێزگرتن ده‌ست هه‌ڵدێنی و ده‌ڵێ:
“ــ قوربان ئێوه فه‌رموون! نۆکه‌ری خۆتان به خزمه‌تی ده‌گا.
ــ خوا حافیز!
ــ سه‌رچاوم قوربان!
ماشێنی سێڕه‌نگ گاز ده‌خوا، ویڕهیهکی توندی لێدێ و به خێرایی له وی دوور ده‌که‌وێته‌وه.
*****
کات به‌ره‌به‌ری نیوهڕۆیهیه. ره‌زای کرێکار شه‌که‌ت و ماندوو، به سواری دووچه‌رخه سێتفهنگهکهی(٣) له سه‌ر کار ده‌گه‌ڕێته‌وه. ئەو له حاڵێک دا نوقمی بیروخهیاڵه، ورده ورده به‌ره‌وماڵ پێداڵ لێده‌دا. له پڕ هه‌ست ده‌کا شتێکی باریک ده‌که‌وێته ژێر تایه‌ی پشته‌وه‌ی دووچه‌رخه‌که و هاوکات قیژه‌ی پشیله‌یه‌ک له پشته‌وه‌ی به‌رز ده‌بێته‌وه. ڕه‌زا ڕاده‌چڵه‌کێ و ئاوڕ ده‌داته‌وه. ده‌بینێ پشیله‌یه‌کی به‌ڵه‌کی قه‌ڵه‌وه کلکی وه‌به‌ر دووچه‌رخه‌که‌ی که‌وتوه.
ئه‌سغه‌ر جه‌للاد که له شه‌وێوه چاوه‌ڕوانی ڕووداوێکی ئه‌وتۆیه بۆ ئه‌وه‌ی بیانوو به که‌سیک بگرێ، ده‌سبه‌جێ هه‌ڵده‌کوتێته سه‌ر ڕه‌زا و لێی ده‌بێته به‌ڵای لابه‌لا.
ــ ڕاوه‌سته بزانم!
ڕه‌زا خۆ گێل ده‌کا و به هیوای ئه‌وه‌ی خۆی ڕزگار کا، وه‌ک ئه‌وه‌ی گوێی لێ نه‌بووبێ، خێراتر پێ له پێداڵ ده‌بزێوێ.
ــ هۆ بێشه‌ڕه‌ف، ده‌ستووری پاسه‌وانی پۆست به هێند ناگرێ! ڕانه‌وه‌ستی په‌لت ده‌په‌ڕێنم! یاڵڵا ڕاوه‌سته!
ڕه‌زا ناوێرێ زیاتر بڕوا. ڕه‌نگی به ڕووه‌وه نه‌ماوه، به‌ڵام له حاڵێک دا هه‌وڵ ده‌دا ئه‌وه‌نده‌ی له ده‌ستی دێ، خۆی کۆ کاته‌وه و له سه‌ره‌خۆ قسه بکا، له دووچه‌رخه‌که داده‌به‌زێ.
ئه‌سغه‌ر جه‌للاد چاوی لێ زه‌ق ده‌کا:
ــ پشیله‌ش وه‌به‌ر ده‌ده‌ی و ههڵیشدێی؟
ــ سه‌رکار چم کردوه، …خۆ … خۆ ئینسانم نه‌کوشتوه.
ـ سه‌گباب بۆ چما پشیله که‌سایه‌تییەکی که‌مه؟! پێتوایه له ئه‌فریقایه ده‌ژی که هه‌رچی پێت‌خۆش بوو به سه‌ر گیانله‌به‌رانی بێنی؟! مه‌گه‌ر نازانی ئێمه له‌م وڵاته دا “ئه‌نجومه‌نی پاراستنی گیانله‌به‌ران”مان هه‌یه؟ ئه‌دی ڕادیۆ بۆ کێ هاوار دەکا و ڕۆژ هه‌تا ئێوارێ ده‌ڵی:
” میازار موری که دانهکــــــــــــــش است
که جان دارد و جان شیرین خوش است”
(مێرووی دانهکێش ئازار مه‌ده، چونکه ئه‌ویش گیانی هه‌یه و گیانیش خۆشه‌ویسته.)
ــ وه‌ڵڵاهی سه‌رکار من بێ‌تاوانم. تاوانی پشیله‌که بوو که کوتوپڕ له جۆگه‌که‌وه خۆی فڕێدایه نێوه‌ڕاستی جاده‌که.
ــ حه‌رامزاده پشیله‌ی به‌سته‌زمان چووزانێ گێژێکی وه‌ک تۆ دووچه‌رخه‌ی لێده‌خوڕێ؟ ئێستا ئه‌من وه‌ڵامی ده‌وڵه‌تێ چۆن بده‌مه‌وه، که له پۆستی من دا پشیله‌یه‌کی به‌سته‌زمان وه‌به‌ر دووچه‌رخه‌ی که‌وتوه؟ یاڵڵا وه‌پێشم که‌وه، ده‌بێ بتده‌مه ده‌ست قانوون.
ــ سه‌رکار گیان، ناکرێ ئه‌مجار، ته‌نیا هه‌ر ئه‌مجار بۆ ئه‌م تاوانه بچکۆله‌یه قانوون وه‌به‌رچاو نه‌گری؟
ــ وهپێشمکەوە سه‌گباب! شتی وا چۆن ده‌بێ؟ قانوون چۆن پشتگوێ ده‌خرێ؟ … ده‌بێ هه‌ر ئێستا بتبه‌م تا له دادگه لێت بپرسنه‌وه و ئه‌و کاته‌ی چوارساڵ زیندانیان بۆ بڕییه‌وه، تێده‌گه‌ی که نه‌ک هه‌ر پشیله، به‌ڵکوو ئه‌گه‌ر مێشووله‌یه‌کیش وهبهردهی، سزای هه‌یه.
ــ ئێستا….
ئه‌سغه‌ر جه‌للاد چاوی بریسکانه‌وه و هێندێک نه‌رم بوو.
ــ ئێستا چی؟!
ــ ئێستا ناکرێ به شێوه‌یه‌ک لوتفمان له گه‌ڵ بکه‌ی و نهمانبهی بۆ دادگه؟ پیاوی چاک به، من زۆر له دادگه ده‌ترسم.
ــ که وابوو من خۆم ده‌بێ قانوونت له سه‌ر بهڕیوهبهرم.
ــ باشه سه‌رکار گیان، قسه‌یه‌کم نیه.
ــ ده‌ی قه‌یدێ ناکا، له به‌ر دڵی تۆ ڕێگات ده‌ده‌م هه‌ر لێره جه‌ریمه‌که‌ی بده‌ی و ئیدی نه‌چیه دادگه. جه‌ریمه‌که‌ی ده‌بێته چل تمه‌نی نه‌غد. یاڵڵا زوو به بیده و له پێش چاوم ون به!
ــ چل تمه‌ن؟! ئاخر سه‌رکار من ته‌نیا کلکی کتکێکم وه‌به‌ر داوه. …
ــ چاکه بیست تمه‌ن!
ــ کوڕه به قوربانت بم تۆزێک به‌زه‌ییت پێم دا بێ. نیمه.
ــ زۆری له سه‌ر ده‌ڕۆی، ده تمه‌ن.
ــ وه‌ڵڵاهی نیمه. باوه‌ڕم پێبکه ده تمه‌ن حه‌قده‌ستی دوو ڕۆژی منه… ئاخر ده‌بێ خوشکم و دایکیشم به‌خێو بکه‌م.
ــ باشه پێنج تمه‌ن ده‌رێنه. ئیدی لە سەر مەڕۆ و له‌وه که‌متر نابێ.
ــ بیللا پێنج تمه‌نیشم نیه.
ــ ئه‌دی توڵەباب شایییهکت ده گیرفانی دا نیه و له گه‌ڵ قانوونیش به شه‌ڕ دێی؟ یاڵڵا وه‌پێشم که‌وه قاتڵ!
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
١ ـ په‌ناباد به‌رامبه‌ری ده شایی، یان نیوه‌ی قرانێک بوو و ئه‌و کات هه‌بوو.
٢ ــ په‌نجا هه‌زار تمه‌نی ئه‌و کاته له بیست میلیۆنی ئێستا زۆرتر بوو.
٣ــ “سێ تفه‌نگ” مارکی نه‌وعه دووچه‌رخه‌یه‌کی باش و قایم بوو.